سۆران. کۆڕێکی جەماوەری بۆ پشگیری لە لیستی 76 و 213 ئەنجام درا

سۆران-/KDP.info لە کۆڕێکی جەماوەریدا لە سۆران، ئامانجی هەردوو لیستی (213 و 76)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخرێتە ڕوو جەختیش لە پێکەوەکارکردن بۆ سەرکەوتنی پارتی کرایەوە.
لە بەردەوامی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، دەزگای مەکتەبی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی (10) لە چالاکی بانگەشەدا کۆڕێکی فراوانی بۆ (عومەر عوسمان) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هۆڵی هەژار موکریانی بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆری دەڤەری سۆران و سەرجەم کاندیدەکانی هەردوو لیستی (213، 76) ساز دا.
لە چوارچێوەی ئەم کۆڕەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژەکانی دەڤەری سۆران و رواندز و سیدەکان تێیدا ئامادە بوون کۆڕگێر درێژەی خەباتی پارتی بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتمانەکەی تا بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە مەزنانەی ئەمڕۆی گەلەکەمان شیی کردەوە، لە تەوەرێکی ترد باس لە بایەخی هەردوو هەڵبژاردنی داهاتووی بۆ ئاییندەی نیشتمانەکەمان بۆ بەشداربووانی کۆرەکە شیکردەوە.
پاشان (عومەر عوسمان) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە بایەخەوە داوای لە ئەندام و لایەنگرانی هەردوو لیستی (213) ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و لیستی (76)ی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کرد کە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و بە شێوازێکی هێمن و شارستانیانە ماوەی رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا کاندیدەکانی هەردوو لیست خۆیان بە بەشداربووان ناساند و پاشان چین و توێژەکانی ئامادەبوو پاڵپشتیی خۆیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی ئەو حزبە دووپات کردەوە.
ئیسماعیل گوندەژۆری




