هێمن هەورامی: بەشداریکردن لە حكوومەتی نوێدا بەپێی قەبارە و پێگەی لایەنەکان دەبێت

هەولێر- KDP.info/ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ دك، هێمن هەورامی دەڵێت، لە پەرلەمانی كوردستان سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە و لایەنە سیاسییەكان نوێنەرایەتییان هەیە و هیچ رێژەیەك بۆ چوونە پەرلەمان دیاری نەكراوە، تەنیا ئەو نرخەی كورسی نەبێت كە لە ئەنجامی رێژەی بەشداربووان بۆ هەر ئەندامێك.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ دك، هێمن هەورامی و ژمارەیەك لە ئەندام پەرلەمانانی كوردستان لە لیستی زەرد كە پێكهاتبوون لە د. فرسەت سۆفی، د. ڤاڵا فەرید، ئامینە زكری و مەردان خدر مستەفا هاوكات لەم دانیشتنەدا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا و ژمارەیەك لە ئەندام مەكتەب، پێشوازییان لە سەرۆكی فراكسیۆنی سۆسیالدیموكراتەكان لە پەرلەمانی ئەورووپا، هانز سوبۆدا و راوێژكاری سیاسی، خاتوو سێلین بایر كرد.
هێمن هەورامی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستانی بە وردی بۆ شاندی میوان خستە بەر باس، بە تایبەت ئەو هەوڵانەی كە ئیستا لە ئەنجامی كۆتایی نزیك بوونەتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم، كە بە حكوومەتی بنكەفراوان ناسراوە و سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2013 بەپێی قەبارە و پێگەی خۆیان بەشدار دەبن.
هاوكات باس لەوەش كرا لە پەرلەمانی كوردستان سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە و لایەنە سیاسییەكان نوێنەرایەتییان هەیە و هیچ رێژەیەك بۆ چوونە پەرلەمان دیاری نەكراوە، تەنیا ئەو نرخەی كورسی نەبێت كە لە ئەنجامی رێژەی بەشداربووان بۆ هەر ئەندامێك.
لە درێژەی باسەكەیدا بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان تیشكی خستە سەر پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و هەڵویستی هەرێمی روون كردەوە كە بەردەوام پابەندی دەستووری هەمیشەی عێراق بووە و لە چوارچێوەی دەستەڵات و مافەكانی خۆی هەڵسوكەوتی كردووە، ئەوەشی نەشاردەوە كە نیگەرانیی هەرێمی كوردستان لە رەفتاری كاربەدەستانی حكوومەتی فیدراڵی لەوەی كە پابەندی دەستوور نابن و هەوڵی گێڕانەوەی دەستەڵاتەكان دەدەن بۆ ناوەند، هەورامی ئەوەی دووپات كردەوە كە كورد جارێكی تر ئامادە نییە هەنگاوە بەرەو دواوە بنێت و بەردەوام دەبێت لە بنیادنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی و دیموكرات و پێشكەوتوو.
لە لایەكی ترەوە لە وەڵامی چەند پرسیارێكی شاندی میوان هەریەك لە ئەندام پەرلەمانە بەشداربووەكانی ئەم كۆبوونەوەیە باسیان لە رۆڵ و كاریگەریی پەلەمان كوردستان كرد وەك بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێری لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژە بە رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان كرا كە سەرجەم قۆناغە یاساییەكانی تەی كردووە و لە دانیشتنی پەرلەماندا لە كۆی 97 ئەندام پەرلەمانی ئامادەبوو 96 دەنگی بەڵێی بە دەست هێناوە.
لەبەرانبەردا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەو پێشوازییە لە هەرێمی كوردستان و سەرسامیی خۆشیان لە گەشە و پێشكەوتنی كوردستان نەشاردەوە.
شاندی ئورووپا لە و دیدارەدا چەندین پرسیاریان ئاراستەی بەرپرسی مەكتەب و ئەندام پەرلەمانە ئامادەبووەكان كرد لەبارەی چۆنیەتیی ئەو پێشكەوتن و كرانەوەیە كە لە هەرێمدا هاتووەتە ئاراوە، هاوكات بەرقەراریی ئەمن و ئاسایشیان لە هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند لە سایەی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بەراورد ناوچەكانی تری عێراق و ناوچەكە.
فراكسیۆنی سۆسیالیدیموكراتەكان بە دووەم فراكسیۆنی ئەورووپا هەژمار دەكرێت، نوێنەرایەتیی 28 وڵاتی ئەورووپا دەكات، كە 185 ئەندام پەرلەمانی هەیە لە پەرلەمانی ئەورووپا.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
