٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: هەڵبژاردنەكانی 30/4 پرۆسەی سیاسیی عێراق دەگۆڕن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ د ك، لەسەر ئەو باوەڕەیە كە هەڵبژاردنەكانی 30/4 نەخشەی سیاسیی عێراق دەگۆڕێت و گوتیشی، "پشتگیری حكوومەتێك دەكەین لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا پابەند بێت بە: جێبەجێكردنی ماددەی 140، پرسی پێشمەرگە، یاسای نەوت و گاز، سەرژمێری دانیشتووان و پرسی بوجەی هەرێم.

ئەم گوتانەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ د ك، هێمن هەورامی لە كۆبوونەوەیەكیدا بوو لەگەڵ بەرپرسی راپەڕاندنی كاروباری باڵیۆزخانەی شاهانەی بەریتانیا لە بەغدا، مارك برایسون و كۆنسووڵی گشتیی شاهانەی بەریتانیا لە هەولێر، هیو ئیڤاس.

هێمن هەورامی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستە بەر باس و، گوتی، هەڵوێستی پارتی لەو بارەیەوە هەوڵدانە، لە ماوەیەكی دیاریكراودا هەموو لایەنەكان پێكەوە بتوانن لە سەر بەرنامەیەكی یەكگرتووانە كابینەی 8 پێك بێنن.

هەورامی هاوكات دۆخی ئێستای عێراقی بە دۆخێكی نالەباری ئەمنی و سیاسی و خزمەتگوزاری ناو برد، هۆكارەكانیشی گەڕاندەوە بۆ شكستی حكوومەتی مالیكی لە پابەندنەبوونی بە دەستوور و هاوبەشیی لایەنەكان، ئەوەشی نەشاردەوە كە هەڵبژاردنەكانی 30/4 نەخشەی سیاسیی عێراق دەگۆڕێت و گوتیشی، "پشتگیری حكوومەتێك دەكەین لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا پابەند بێت بە شەراكەتكردنی كورد و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و پرسی پێشمەرگە و یاسای نەوت و گاز و سەرژمێری دانیشتووان و پرسی بوجەی هەرێم.

هەروەها دواگۆرانكارییەكانی سووریا و بەرئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، شاندی میوان هیوایان خواست گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و دەستووری عێراق بكرێتە سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار