٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: بە بایه‌خ و دڵنیاییه‌وه‌ کار دەکەین بۆ ئه‌وه‌ی ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستی (3)(Tier lll) دەربکەین

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن- KDP.info/بەرپرسی پەیوەندییەکانی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئه‌نتونی گادفره‌ی، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ د.كەمال كەركووكی ڕایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەمەوە كه‌ وزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریکا زۆر بە بایه‌خەوە و دڵنیاییه‌وه‌ کار دەکات بۆ ئه‌وه‌ی ناوی پارتی و یەکێتی لەو لیستی ژمارە (3)(Tier lll) –ی ئەمەریکا دەربکرێت و، گەلی کوردستانیش لەو بارەوە هەواڵی خۆش دەبیستن.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئه‌نتونی گادفره‌ی، لە واشنتۆن پێشوازی کرد لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. کەمال کەرکووکی و لە دیدارێکدا هەردوولا زۆر بەوردی و بە دورو درێژی بیرو رایان ئاڵو گۆركرد لە سەر لیستی ژمارە (3)(Tier lll) –ی ئەمەریکا کە ناوی هەر یەك لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تێدایە.

لەو بارەوە دکتۆر کەماڵ کەرکووکی بۆ (ئه‌نتونی گادفره‌ی) بەرپرسی پەیوەندییەکانی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای ڕوون کردەوە كە، پارتی و یەکێتی دوو لایەنی سیاسیی کاران، شۆێنی پارتی و یەکێتی نییە لەو لیستەدا بن، ئەم دوو لایەنە خەباتیان کردووە بۆ مافی رەوای گەلی کورد و پاراستنی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام و رۆڵیان هەبووە بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسەی دیموکراتی لە کوردستان و گشت عێراق.

كەركووكی هه‌روه‌ها گوتی، "ئێمە وەکو پارتی و یەکێتی و لایەنگرانمان و جەماوەری کوردستان زۆر نارەحەتین بەو کارەی ئەمەریکا و داوا دەکەین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وە کە بۆمان زۆر گرنگە هەموو رێگا یاساییەکان بگیرێنە پێش تاکو ناوی هەردوو لایەنی سیاسیی کورد لە لیستەکە بێتە دەر."

لای خۆیەوە ئەنتۆنی گادفرەی گوتی، "دڵنیاتان دەکەمەوە كه‌ وزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریکا زۆر بە بایه‌خەوە و دڵنیاییه‌وه‌ کار دەکات بۆ ئه‌وه‌ی ناوی هەردوو لا، پارتی و یەکێتی لەو لیستە دەربکرێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵیش دەدەین هەرکۆسپێك هەبێت لا بدرێت و پرۆسەکەش بەرەوپێش بچێت و کۆتایی پێ بێت و ناوی پارتی و یەکێتی لەو لیستە نەمێنێت و گەلی کوردستانیش لەو بارەوە هەواڵی خۆش دەبیستن و پێشتریش ڕێزدار جۆن مەکكین ئەندامی ئەنجوومەنی پێران و ڕێزدار(رۆی بلنت) ئەندامی ئەنجوومەنی پێران، پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. هەروەها به‌هه‌مان شیوه‌ جۆن بایدن بەڵێنی داوە كار لەسەر ئەو بابەتە بكات.

لە بەشێکی تری كۆبوونەوەی نێوانیاندا ڕۆشنتیی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نیوان حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان و ئایندەی ئەو پەیوەندیانە و ئه‌و بارودۆخەی کە ئێستا لە ئارادایه‌. لەو بارەوە دکتۆر کەمال کەرکووکی رایگەیاند کە، کورد رۆڵی گرنگی هەبووە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان و عێراق لە ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا و بەشداری کارای هەبووە لە پێكهێنانی عێراقی پاش 2003 و رۆڵی زۆر گرنگ و ئەرێنی سەرکردەکانی کورد لە پرۆسەی ئامادەکردنی پرۆژەی دەستووری عێراقی فیدراڵی تاکو بە شێوازێك بێت كه‌ زەمانەتی پرۆسەی دیموکراتی له‌ عێراق بکات و بنەماکانی لە دەستوره‌كه‌دا رەنگ بداتەوە، لەگەڵ دیاریکردنی بەشێکی گرنگ لە مافی گەلی کورد و کوردستان لە دەستووری عێراقی فیدراڵیی لامەرکەزی دانرا، لە دەستپێکی دەستوورەکەش ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌‌ پاباندبوون بەم دەستوورە، یەکگرتوویی ئارەزومەندانەی عێراق و یەکپارچەی گەل و خاك و سەروەرییەکەی دەپارێزرێت.

زیاتر گوتی، "ئه‌زموونی ئەو ساڵانەی رابردوومان لە عێراق، بەبێ هیچ دوودڵی بۆمان دەرکەوت، فیدراڵی لە وڵاتێکی وەکو عێراق کە خاکەکەی پێك هاتووە لە خاکی کوردستان و خاکی عەرەبستان و زمانی فەرمیی دەوڵەتی عێراق لە دوو زمانی فەرمی کوردی و عەرەبی پێك دێت، وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە، مێژووی پڕ لە نه‌هامه‌تی و کارەسات لە زیندەبەچاڵ و گۆڕی بەکۆمەڵ و کیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید و هەوڵی بەزۆر خۆسەپاندن، ئێستاش هەڵوێستی حکوومەتی بەغدا لە پابەندنەبوون بە دەستوور و جێبەجێنەکردنی ئەو ماددە دەستووریانەی پەیوەندیان بەمافەکانی گەلی کوردەوە هەیە وەکو ماددەی 140 کە پابه‌نده‌ به‌ چارەسەرکردنی ئەو شوێنە کوردستانیانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن(ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) هەر وا کێشەی پێشمەرگە و یاسای گاز و نەوت، سەرژمێری، بوجە و هه‌ڕه‌شه‌، تاکو کارە نایاسایی و نادەستوورییەکان، بە رادەیەك پەرەیان سەندووە تا گەیشتنە ئەوەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە بارمتە بگرن و بیکەنە مزایەدەی سیاسی."

زیاتر ڕوونی كردەوە "پابەندنەبوون بە دەستوور و پشتگوێخستنی پێكهاتەکانی عێراق، نیشانەیەکی گرنگە کە ئەم عێراقە بە سیستمی فیدراڵی بەرێوە ناچێت و سیستمی فیدراڵی بۆعێراق ڕێگاچارەیەکی گونجاو نییە بۆ پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە. ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت عێراق بەرەو کارەسات و نەهامەتیی یەکجار مەترسیدار بڕوات."

كەركووكی گوتیشی "بۆ ئەوەی لە ئێستاوە رێگا بگرین لەوە کارەساتانه‌ روو نەدات، دەبێت بەردەوام رابردوومان لە یاد بێت نەك بۆ تۆڵەسەندن، بۆ ئەوەی لە داهاتوویشدا دووچاری کارەساتی تر نەبینه‌وه‌، پێویستە ئەو سستەمە بۆ ئیدارەی خۆمان هەڵبژێرین کە لە داهاتوودا کارەساتمان بۆ دروست نەکات."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوكات بە بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەیئەمەریكای ڕاگەیاند، "ڕێگای چارەسەر بۆ عێراق لەم قۆناغەدا کۆنفدراڵییه‌ كه‌ باشترین شێوازه‌ بۆ کوردستان و گشت عێراق. ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هه‌روه‌ها دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراتی له‌ عیَراقدا."

 

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی چۆنیێتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، د.کەماڵ کەرکووکی ئاماژەی بە بڕیاری پەڕلەمانی کوردستان ژمارە 11 لە 1999 و ماددەی 141 لە دەستووری عێراق دا و كە لە ڕێیەوە ئەو کارە ئەنجام دراوە و، گوتیشی ئەو کارەش کاری هەرێمە نەك بەغدا.

 

قەیرانی سووریا و مافەكانی میللەتی كورد لەو وڵاتە تەوەرێكی دیكە دیداری نێوان هەردوو لا بوو و، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی روونی كردەوە كە رێز لە بریاری گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەگرن بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان و پێویسته‌ سەرجەم حزب و لایەنە كوردییەكان بەشدار بن لە بریار. سەبارەت بە پەنابەرانیشەوە ئاماژەی دا، سەرجەم خاڵە سنوورییەكان واڵان؛ هەروەها خاڵی سێمالكا كراوەیە بۆ سەرجەم هاوكارییە مرۆییەكان.

بەرێز گودفری سەبارەت بە پەنابەرە سووریاییەكان و عێراقییەكان كە هەرێمی كوردستانیان كردووەتە ئارامگە، گوتی "ئێمە رێز لە قوربانی و هاوكاریی گەلی كورد دەگرین بۆ ئه‌و هاوكاریانه‌ و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێگای رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێودەوڵەتییەكانەوە هاوكارییان دەكات".

هەواڵی پەیوەندیدار