د.كهمال كهركووكی: لەم قۆناغەدا چارەی پرسی كورد بە ڕێگای کۆنفیدراڵی دەكرێت

بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان د.كەمال كەركووكی، لە پەراوێزی كۆنگرەی (ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقا) لە ئەمەریكا ڕایگەیاند، بەرقهراربوون و ئارامیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەندە بە چارەسەری بنەڕەتی پرس كورد و لەم قۆناغەدا کۆنفیدراڵی ڕێگایەکی باش و گونجاوە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد.
لەسەر داوەتێكی فەرمیی پهیمانگای سهركردهكانی جیهان/ زانكۆی تفتس لە شاری بۆستن لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، د.كەمال كەركووكی، بەشداری لە كۆنگرەی (ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقا) كرد.
لە درێژەی كارەكانی كۆنگرەكهدا و لە چالاكییەكانی رۆژی یەكەم تەوەرێكی تایبەت سهبارهت بە ئایندەی كورد ئاماده كرابوو، تێیدا د.كهمال كهركووكی وتارێکی پێشكهش كرد لەژێر ناونیشانی (كوردستان منارەی ئازادی و دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتی)یە، باسی لە كێشە و مێژوو و خەباتی میللەتی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد و باسی لەو زوڵم و زۆردارییەی دەرهەق بە گهلی كورد كراوه بۆ ئامادەبووان باس كرد.
كەركوووكی هاوكات ئاماژەی بە ههڵمهتهكانی ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و بە عهرەبكردنی ناوچە كوردنشینەكان كرد، كە 4500 گوند خاپوور كران و 182000 هاووڵاتی لە منداڵ و پیر و ئافرەت زیندەبهچاڵ كران. هەروەها داوای دانپێدانان و بهڕهسمی بەناساندنی جینۆسایدی گهلی كوردیكرد، تاکو کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و کەسوکاری قوربانیانیش قەرەبوو بکرێنەوە. گوتیشی كە، ئەو کارە واجبێکی ئینسانی و ویژدانی و یاساییە کە دەوڵەتەکان چاوپۆشی لێ دەکەن.
لە لایەكی دیكەوە د.كهمال كهركوكی ئاماژەی بە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان كرد كە لە بواری ئابووری و پەروەردە و وهبەرهێنان و تەندروستی و ژینگە و ئەزموونی دیموکراسی و سەقامگیریی ئاسایش و ڕێکخستنی بنەمای ئابووریی ههرێمی كوردستان كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لە بونیادنانی دیموكراسی و هەڵبژاردن بە بەرز نرخاند و باسی لە بەشێك لە پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2020 کرد.
بهرپرسی پهیوهندییهكانی پارتی، هۆكاری سەرجەم ئەو كارەساتانهی دەرهەق بە میللەتی كورد ئەنجام دراون، گهڕاندهوه بۆ بڕیاری ناڕەوا و چەوت و نادروستی وڵاتە زلهێزەكان کە لە پێناو بەرژەوندیی تەسكی ئابووریی خۆیان، بە ناعهدالەتی مافی رەوای نەتەوەی کوردیان پشتگوێ خست و بەناعەدالەتی و بە غەدر و بە هەڵە نەخشەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیان کێشا، کە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تاوانەکان دژ بە کورد ئەوەندە زۆر و دژوار بن تا گەیشتنە تاوانی جینۆساید. ئێستاش کە باسی رابردوو دەکەین ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە ئەسیری ڕابردووین و دەمانەوێت تۆڵە وەرگرینەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە تاکو لە داهاتوو دووبارە نەبێتەوە.
بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە درێژەی باسەكەیدا تهئکیدیشی کردەوە کە پرسی کورد زۆر گرنگە و دەبێت چارەسەری بنەرەتی بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە بەرقهراربوون و ئارامیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەندە بە چارەسەری بنەڕەتی پرس كورد و راشیگەیاند کە لەم قۆناغە کۆنفیدراڵی ڕێگایەکی باش و گونجاوە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و ئەو کێشانەی کە لەنێوانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دروست بوونە بە هۆی پابەندنەبوونی حکومەتی فیدرال بە دەستووری عێراقی فیدرالییەوە. ئەو کێشانەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندان و مەترسی دەکرێت کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە.
له كۆتایی وتارهكهیدا، لهلایەن ئامادەبووانەوە کۆمەڵێك پرسیار ئاراستەی د.کەمال کەرکووکی کران و وەڵامی سهرجهمیانی دایەوە و وتارەکە و وەڵامەکان بوونە جێگای ڕەزامەندیی ئامادەبووان.
لە پەراوێزی ئەو كۆنگرەیەیشدا، د.کەمال کەرکووکی لهگهڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ولیم بیرنزـدا، كۆ بووهوه و جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمریكایش ئاماژهی بهوهدا سەرەڕای سەرجەم ئەو گرفتانە و ئاڵۆزیانهی ناوچهكه تووشی بووه، سەركەوتنهكانی سەركردایهتیی كورد دیارن و جێگای شانازین، هەروەها ئاماژەی بە بونیادنانی دیموكراسی و ئارامی بارودۆخی هەرێم كرد و گوتشی ئێمە سەربەرزین بە ڕۆڵی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی خۆیان و بەرهوپێشەوەچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتیشی پەیوەندیی ئێمە وەکو ئەمەریکا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کوردستان زۆر زۆر باشە و بەردەوام دەبێت .
هاوكات دكتور كەمال كهركووكی لهگهڵ ههریهك له شاندی وڵاتانی كوێت بە سەرۆکایەتیی شێخ محەمەد سالم ئەلسوباح و شاندی میسر و ئوردن و بەحرەین كۆ بووهوه.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
