٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
ديمانە و ووتارەکاني سەرۆک بارزاني

سەرۆك بارزانی: دڵنیابە هەرگیز شیعە لە دەست نادەین و ئێوە برای ئازیزن

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێز زوهێر شنتاف، بە ناونیشانی(یا كاكە مسعود لا تخسر الشیعە) لە ماڵپەڕی (صوت العراق)دا نامەیەكی كراوەی بۆ بەڕێزیان بڵاوكردۆتەوە. بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان-یش دوای خوێندنەوەی ناوەڕۆكی نامەكە لە هەمان ماڵپەڕدا بە نامەیەك دڵنیای دەكاتەوە، كە هەرگیز شیعە لە دەست نادەین و ئاماژە بە پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلی كورد و برایانی شیعە دەكات، كە بارزانیی نەمر رۆڵی سەرەكی بینیووە لە قوڵكردنەوەیدا. ئەمەش دەقی وەڵامی سەرۆك بارزانی-یە بۆ زوهێر شنتاف و لە رێگەی ئەویشەوە بۆ سەرجەم برایانی شیعە:

بەڕێز زوهێر شنتاف.. دڵنیابە هەرگیز شیعە لە دەست نادەین

بە پێنووسی: مسعود بارزانی

سڵاوی خواتان لێبێت.. نامەكەتم خوێندەوە، كە لە (صوت العراق) دا بڵاوبۆتەوە، هەڵوەستەم لەسەر ئەو ناوەڕۆكە كرد، كە تێیدا هاتووە. تەواو هاوڕام لەگەڵت، كە خاكی كوردستان بە خوێنی كورد و شیعە ئاودراوە و خاكی باشووریش جەستەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی لە ئامێز گرتووە، كەواتە ئێمەی كورد و ئێوەی شیعە قوربانی دەستی حكوومەتێكی تاوانكار بووین.

ئێمەی كورد قەتاوقەت رۆڵی مەرجەعی گەورە سەید موحسین ئەلحەكیم لە شەستەكان لە بیر ناكەین، كاتێك رژاندنی خوێنی كوردی حەرام كرد، هەروەها هەرگیز رۆڵی شەهید محەمەد باقر ئەلسەدر لە بیر ناكەین، كاتێك ئەویش لە ساڵی 1971 دا فتوای خۆیدا. ئەم دووانە لە بەخشینی پاراستنی مەعنەوی كورد رۆڵی خۆیان بینیووە، لە سەرینی ئەمەشەوە پەیوەندی مێژوویی و برایەتی دامەزرا و كورد و شیعەی پێكەوە كۆكردەوە، لەمڕوەوە بارزانیی نەمر رۆڵی سەرەكی و محوەری لە قوڵكردنەوەی بنەماكانی ئەو پەیوەندییەدا گێڕاوە، كە ئێمە هەردووكمان شانازی پێوە دەكەین، ئەو پەیوەندییە ئەوكاتە زیاتر بەرجەستەبوون، كە كوردستان لەسەردەمی رژێمی ستەمكاری سەددام بووە نەوایەكی ئارام و تەناهی بۆ برایانی شیعە و لە هیچ شتێكیش رەزیلی بەرامبەرتان نەكرد، لە پارووە نان و پۆشاك و شوێنی حەوانەوە بەشی ئێوەیدا، تا ستەمكار مابوو، كە رۆیشت و ناگەڕێتەوە، خوێنمان تێكەڵاوی یەكدی بوو.

ئێمەی كورد لە پاش رووخانی دیكتاتۆریش لە كەسانی بەرایی داڕشتنی بناغەی ئێراقی نوێ بووین و خوێنمان بۆی رشتووە، لەوەش زیاترمان داوا نەكردووە، كە دەستوور پێمانی داوە، بەڵام بە داخەوە كەسانێك، كە خۆیان لەسەر شیعە حساب دەكەن بە پێچەوانەی ویستەكانمان دەجولێنەوە و دژایەتیمان دەكەن و بە فڕۆكە هەڕەشەمان لێدەكەن.

بەڵێ، منیش لەگەڵ تۆ هاوڕام، كە ئەوانە هەرگیز نوێنەرایەتی شیعە ناكەن و ناشێ هەموو برایانی شیعەمان لەوانەدا كورت بكەینەوە. ئێمە شانازی بە برایانمان لە ئەنجوومەنی باڵا و رەوتی سەدر و فەزیلە دەكەین، لە ژێر هیچ بارودۆخێكیشدا لە دژی برایانی شیعەمان پشت بە هیچ دەوڵەتێك گەرم ناكەین، چونكە وەكو گوتم پەیوەندیی مێژوویی بە یەكەوەمان دەبەستێتەوە.

بەداخەوە، دەڵێم: ئەوانەی لەسەر شیعە حساب دەكرێن، ئەمڕۆ دەیانەوێ دیكاتۆریەت زیندوو بكەنەوە، دیارە زیندووكردنەوەشی گورزێكە بۆ ئێمە و ئێوە و ئێراق، كە پێكەوە بنیادمان ناوەتەوە.

ئایا شیعەی ئێراق ئەمەیان قبوڵە؟ ئایا رازین فەرمانڕەوایانی بەغدا دژایەتی برایانی كوردیان بكەن و لە هەموو ئەو بەڵێنانە پاشگەز ببنەوە، كە داویانە؟

بە بۆچوونی من ئەوانە بەم كارەیان تەنها دژایەتی كورد ناكەن، بەڵكو دژایەتی برایانی شیعەش دەكەن، بگرە سومعەی مەرجەعیەت و حزب و رێكخستن و كەسایەتیەكانیش لەكەدار دەكەن، ئایا لە بیرمان چۆتەوە، كە ئەوانە چیان بە هەردوو برایانی سەدر كرد؟

دووپاتی دەكەمەوە ئێمە رێز و خۆشەویستیمان بۆ هەموو برایانی شیعە هەیە، شانازیش بە برایەتی و دۆستایەتیانەوە دەكەین لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و متمانە بە یەكدی، دووبارە و سێبارەی دەكەمەوە، ئێمە هەرگیز شیعە لە دەست نادەین، بۆیە لەمە دڵنیابە، ئێوە برای ئازیزن.

 

دواتر و پاش بڵاوبوونەوەی وەڵامنامەكەی سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە بەڕێز زوهێر شنتاف لە نامەیەكدا سەرسامی خۆی بە وەڵامنامەكە نیشان دەدات و لە بەشێكی داهاتووە: بێگومان وەڵامەكەت بە تەنها بە شەخسی بۆ من نییە بە قەدەر ئەوەی دەلیلی رێزگرتنی جەنابتانە لە مرۆڤی ئێراقی...ئیدی لە سوپاسی بێپایانم بۆ دەستپێشخەریەكەت زیاتر هیچی دیكەم لە دەست نایەت و ئومێدەوارم پەیامێكی روون بێت بۆ سیاسەتمەداران، كە سەركردەی سیاسی ئەو كەسەیە گوێ دەگرێ و گفتوگۆ دەكات و وەڵام دەداتەوە و رێز دەگرێ. لە لایەكی دیكەوە نووسەرێكی بەڕێزی دیكەی عەرەب بە ناوی حوسێن عەبدولزەهرە مەجید، دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی وەڵامنامەكەی سەرۆك بارزانی، وێڕای سوپاسكردنی، سەرسامی خۆشی بە زمانپاروی نامەكە دەردەبڕێ و تێیدا هاتووە: ئەوەی لە سەرەتاوە لە نامە پیرۆزەكەت سەرنجی راكێشاین، ئەوەیە، كە هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە، كە ئەمڕۆ ئەمە لای گەورە بەرپرسانەوە كارێكی دەگمەنە.. هەروەها تێیدا هاتووە: جەنابی سەرۆك تكایە ئەو سوێندە مێژوویە تۆماركراوەمان لە لای جەنابتان قبووڵ بفەرموون، كە ئێمە نامانەوێ برایانی كوردمان لە دەست بدەین.. خودا بتانپارێزێ بۆ سەرجەم ئێراقیان..

هەواڵی پەیوەندیدار