٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

گرووپی ئەندامانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا بە فەرمی بانگێشتنامە ئاراستەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەكەن بۆ بەشداری كردن لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی

سەرچاوە: KDP.info

لە دیدارێكی نێوان مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و گروپی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا باس لە رەوشی ئێستا ی هەرێم و ناوچەكە كرا و گروپی پەرلەمانتارانیش بە فەرمی بەرپرس و ئەندامانی مەكتەبیان بۆ كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە بەریتانیا بانگشێت كرد.

هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ د ك )، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب، پێشوازی لە گرووپی ئەندامانی هەموو لایەنەكانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا كرد، ئەم شاندە پێك هاتبوو لە لۆری گلاسمان سەرۆكی شاند و بە یاوەری هەر یەك لە جون، دكۆك، ئیماگرەب و گاری كینت.

لە سەرەتای دانیشتنەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم پێشوازییە و سەرسامی خۆیان بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان نیشاندا، لەبەرانبەریشدا هەورامی باروودۆخی ئێستای ناوچەكە و عێراق و بە تایبەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان روون كردنەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا هێمن هەورامی دواین پەرەسەندنەكانی پێك هێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ شی كردنەوە.

ئاڵۆزییەكانی سوریا و كێشەی كوردەكانی ئەو وڵاتە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەی پێكهێنابوو، هاوكات هەڵوێستی پارتیشی لەو بارەیەوە بۆ شاندنی میوان خستە بەر باس.

لە بەشێكی تری ئەم دیدارەی نێوان مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی و گروپی پەرلەمانتارانی بەریتانیا، شاندی ناوبراو بە فەرمی بەرپرسی مەكتەبی و شاندێك لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی بانگێشتی وڵاتی بەریتانیا كرد بۆ بەشداری كردن لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی كە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لەو وڵاتە ببەسترێت لە مەڕ پرسی كورد و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوكات شاندی گروپی پەرلەمانتانی بەریتانیا جەختیان لەسەر پتەوتر كردنی پەیوەندییەكانی ئەوە گروپە كردەوە لەگەڵ خەڵكی كوردستان و پەرلەمان و حكومەت و پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە لایەن خۆشیەوە بەرپرسی مەكتەبی پەیوندییەكانی پارتی بەرێز هێمن هەورامی بە خۆشحاڵیەوە ئەو بانگێشت نامەیەی قبوڵ كرد، كە بە پێی تواناو گونجانی كات بەشداری لەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەدا بكەن و بە گرنگەوە باسی لەو جۆرە گۆنفرانسانە كرد بۆ دۆزی رەوای كورد.

لە كۆتایدا هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكان و دووبارە كردنەوەی ئەم جۆرە دیدار و پەیوەندییانە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار