هێمن هەورامی: پارتی لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەی تەنگەژەكانی سوریادایە و پرسی كوردیش دەبێت وەك بنەمایەك لە رێكەوتنی لایەنەكان رەنگ بداتەوە

هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندەییەكانی دەرەوە و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب، لە دوو دیداری جیادا پێشوازیان لە شاندێكی دیپلۆمات كاری بەریتانی بە سەرۆكایەتی (ئانگوس ماكی) و وەفدێكی باڵای نەتەوە یەگرتووەكان بە سەرۆكایەتی (رنە ئاكوارون) كرد.
لە سەرەتای دیدارەكەدا هێمن هەورامی باروودۆخی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی پارتی لە سەر پەرەسەندنەكانی ناوچەكە دوا، هەردوو شاندی میوان سەرسامی خۆیان بۆ بەرەوپێش چوونەكانی هەرێمی كوردستانیان دەربڕی و هیوای زیاتر بەرەو پێش چوونیان خواست.
لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا هەورامی باسی لە دواهەمین ئامادەسازیەكان كرد بۆ پێك هێنانی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەڵوێستی پارتیشی لەو بارەیەوە بۆ هەردوو شاندی میوان روون كردەووە.
پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر و چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان لە سەر بنەمای تەوافوق و هاوبەشی و دستور بەشێكی تری دانیشتنەكانی پێكدەهێنان، دۆخی ئێستای سوریا و تەوەرێكی دیكەی هەردوو دانیشتنەكە بوون، كە بەرێز هێمن هەورامی دووپاتی كردەوە پارتی لەگەڵ چارەسەری سیاسی دایە بۆ ئەو ئەنگەژانە و هاوكات جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، كە چارەسەری سەربازی ئەنجامی خوازراوی نابێت، تاكە چارەسەریش لە دیدی پارتیەوە تەنیا دیالۆگ و مێزی گفتوگۆكانە. هەر بۆیە ناوبراو وتی "پشتگیری پرۆسەی دیالۆگی جنێڤ دوو دەكەین". هاوكات هەردولاش هاورا بوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە كۆتای بەشەڕ و كوشتار بهێنرێت لە وڵاتی سوریادا.
لە كۆتایدا هەردوو شاندنی میوان سوپاسی خۆیان بۆ ئەو پێشوازیە دەربری و جەختیشیان لەسەر زیاتر هەماهەنگی و باشتر كردنی پەیوەندییەكانی دولایەنەكان كردەوە.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
