كونسوڵی گشتی فەرنسا سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دەكات
هەولێر-KDP.info/ لە دیدارێكدا كۆنسوڵی فەرنسا و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەسەر دۆزی رۆژئاوای كوردستان و هەڵبژاردنەكانی هەرێم و ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی نەتەوەی كورد كرا.
هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی (پ.د.ك) و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە (ئالێن گیپغات) كونسوڵی گشتی فەرەنسی لە كوردستان. لەو دیدارەی كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەبوون، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە كورتە باسێكی لە مەڕ رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە خستە روو و ئاماژەی بە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی نەتەوەی كورد كرد، كە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیك بە بەشداری سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و تاراوگە بەرێوە بچێت. هەر لەو دیدارەشدا بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامانجی كۆنگرەكەی بۆ كونسوڵی فەرەنسی خستە روو، كە بریتیە لە هەڵسەنگاندنی تەواوی دۆخی كورد و گرتنەبەری ستراتیژی ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەیر دیموكراتیانەی دۆزی كورد لە ناوچەكە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەورێكی دیكەی ئەم دیدارەی پێكهێنا، كە بڕیارە لە 21/9/2013 ئەنجام بدرێت، هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش باسی لێوە كرا.
لە لایەن بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە جەخت لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كرایەوە لە كات و ساتی خۆیاندا و پارتی بە پەرۆشەوە خۆی ئامادە كردوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە.
لە لایەكی تریشەوە بارودۆخ و رەوشی ئەمڕۆی سوریا بە گشتی و رۆژئاوای كوردستان باس و خواسی لێوە كرا، بیروبۆچوون لەسەر نامەكەی سەرۆك بارزانی ئاڵوگۆڕ كرا، كە بۆ لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەی ناردووە سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ سەردانی رۆژئاوای كوردستان و خستنە رووی راستیەكانی رووداوەكانی ئەم دوایەی كە دژ بە هاوڵاتیانی كورد ئەنجامدراون.
لە لایەن خۆشیەوە كونسوڵی گشتی فەرەنسی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشوازی و روونكردنەوانەی كە لە لایەن مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە گوێبیستی بوو. هاوكات سەرسامی خۆشی نەشاردەوە بۆ بارودۆخی سەقامگیری و ئاوەدانی و ئەو گەشە ئابوورییەی كە لە كوردستان بەرقەرارە و هیوای ئەوەشی خواست،كە ئەم پەیوەندییانەی هەردوولا بەرەو پێشتر بچن و گەشی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
