بەرپرسی لقی دوو جەختی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هاووڵاتیان و پارتی کردەوە
هەولێر - KDP.info/ بەمەبەستی خزمەت گەیاندن و هاوکاریکردنی خەلکی کەمدەرامەتی سنورەکە، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دوو و کارگیرانی لق و بەرپرسی ناوچەی برایەتی، بەهاوکاری لقی دوو بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز لیژنەی ناوچەی برایەتی کۆمەک و هاوکاری خۆراک بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆ 200 خێزانی هەژار و کەمدەرامەتی سنوری ناوچەکەی لە شاری هەولێر دابینکرد .
لە سەرەتای رێورەسمەکەدا بەرپرسی لقی دوو لە وتەیەکدا دوایی بەرزراگرتنی مانگی رەمەزان، باسی لە رەوشی ئەمڕۆی کوردستان و پاراستنی کیانی سیاسی و یەکریزی نێومالی کورد و هەموو ئەو دەستکەوتانە کرد کە بە خەبات و قوربانیدانێکی زۆری پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان هاتۆتەکایەوە، پاشان بەرپرسی لق تەئکیدی لە خزمەتکردن و پاڵپشتیکردنی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت بۆ باشترکردنی رەوشی ژیانی هاووڵاتیان بەگشتی کردەوە، لەم رووەوە نەهج و بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی رەمەزانی پیرۆز لە شاری هەولێر خستەروو کە لە نزیکەوە هەموو ئەو خەڵکانە بەسەر بکەنەوە و هاوکاریان بکەن و گرنگی بە پێشکەوتنی باری ئابورییان بدەن، هەروەها بەرپرسی لقی دوو جەختی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هاووڵاتیان و پارتی کردەوە بۆ زیاتر پێشخستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان.




