٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

یادی ڕیفراندۆم دەنگێک بۆ مێژوو و هیوای نەتەوەیەک

سەرچاوە: KDP.info

تەرزە حسێن 

٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ تەنیا ڕۆژێک لە ڕۆژژمێر و مێژووی کورد نەبوو، بەڵکو ڕۆژێک بوو کە خەونی میللەتێک لە شێوەی دەنگێکی ئاشتیخوازانە و دیموکراتیک خۆی نیشان دا.

لەو ڕۆژەدا، گەلی کوردستان چوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تا بە وشەیەکی سادە، بەڵام بە مانایەکی گەورە، دەنگی خۆیان بگەیەنن بە جیهان، ئێمە نەتەوەیەکین کە مافمانە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.

ڕیفراندۆم ئەنجامی مێژوویەکی درێژە، مێژووی خەبات، قوربانیدان، ئاوارەیی هیوابەستن و پێداگریی گەلی کورد، ئەو دەنگانە تەنیا ژمارە نەبوون، بەڵکو دەنگی ئەو دایک و باوکانە بوون کە ساڵانێک چاوەڕوانی ڕۆژێکی باشتر بوون، دەنگی ئەو نەوەیە بوون کە دەیویست داهاتووی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێتەوە.

لەو قۆناغە مێژووییەدا، ڕۆڵی سەرۆک (مەسعود بارزانی) گرنگ بوو، ئەو بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت لە ڕێگەی ئاشتی، گفتوگۆ و دەنگی گەلەوە بێت، لە دیدی ئەوەوە، ڕیفراندۆم بڕیارێکی دیموکراتیک بوو بۆ دەربڕینی ویستی گەلی کوردستان.

سەرۆک بارزانی لە قۆناغەکانی پێش ڕیفراندۆمدا بەردەوام بانگەشەی یەکڕیزی و هاوبەشیی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستانی دەکرد، لە وتارێکیدا لە سلێمانی، جەختی کردەوە کە جیاوازیی سیاسی شتێکی ئاساییە، بەڵام یەکڕیزی لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا گرنگە.

هەروەها کوردستانی بە ماڵی هەموو نەتەوە، ئایین و مەزهەبەکان ناساند،

ئەمەیە ئەو پەیامە دیپلۆماسییە گرنگەی ڕیفراندۆم:

کوردستان تەنیا بۆ کورد نییە، کوردستان ماڵی هەموو ئەو کەسانەیە کە تێیدا دەژین و بە ئاشتی و هاوبەشی داهاتووی خۆیان دەبینن.

ڕیفراندۆم هەروەها پەیامێکی بۆ جیهان بوو کە پرسی کورد تەنیا پرسێکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو پرسی نەتەوەیەکە کە ساڵانێکە بەدوای ماف، ئازادی و ژیانێکی سەقامگیردا دەگەڕێت.

ئەنجامی ڕیفراندۆم بە زۆرینەیەکی زۆر بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بوو، بەڵام گرنگترین میراتی ئەو ڕۆژە تەنیا ئەنجامی ژمارەکان نییە، میراتەکە ئەوەیە کە گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە ویستی خۆی دەربڕی و پرسی کوردستانی خستە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.

ئەمڕۆ، کاتێک یادی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە، پێویستە ڕیفراندۆم تەنیا بە چاوی ڕابردوو نەبینین، دەبێت لەو ڕۆژەدا وانەیەک بۆ داهاتوو وەربگرین، یەکڕیزی، گفتوگۆ، دیپلۆماسی و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان.

گەلی کورد لە مێژوودا زۆر جار بە تەنیا بە هێزی چەک نەژیاوەتەوە، بەڵکو بە هێزی ئیرادە، ناسنامە، زمان، کلتوور و خۆڕاگری، مانەوەی خۆی پاراستووە، ئەم هێزانە دەبێت ببنە بنەمای دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر.

یادی ڕیفراندۆم، یادی دەنگی گەلێکە کە دەیویست بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بڵێت: ئێمە داهاتووی خۆمان دەخوازین، بەڵام داهاتووی ئێمە داهاتووی ئاشتییە.

لە کۆتاییدا، پەیامی ڕیفراندۆم بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبێ ئەوە بێت، کە کوردستان بە یەکڕیزیی گەلەکەی، بە دانایی ڕێبەرانی، بە دیپلۆماسی و بە پاراستنی مافەکانی دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی ڕوونتر بچێت،

ڕیفراندۆم ڕۆژێک بوو، بەڵام هیوای نەتەوەیی کۆتایی پێ نایەت.

هەواڵی پەیوەندیدار