پەیامی مەکتەبی سیاسی بەبۆنەی (٥٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

ههولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان کرد و تێیدا جەختی لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی زانایانی ئایینی کردەوە.
دەقی پەیامەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەڕێزان/ سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بڕیار و ڕێنماییی (بارزانیی نەمر)، دەستکەوتێکی دیکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوو بۆ توێژی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەتی و کۆمەڵگەی کوردەواری بە گشتی.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی گرنگ، ڕۆڵ و سەنگێکی کاریگەری هەبووە لە تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەییماندا، لە لایەکی دیکەوە، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کەسایەتیی تێکۆشەر، دڵسۆز و سەرکردە، بەمەش خزمەتێکی زۆری ئەو بوارەی کردووە.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەپێی پەیامی ڕاست و دروستی خۆی، توانیویەتی بێسرەوتن برەو بە هزر و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەشەپێدانی هۆشیاری بدات و جەخت لەسەر بنەما ڕەسەنەکانی کولتووری نەتەوەیی، پێکەوەژیان و لێبوردەیی بکاتەوە، لەو ڕێگەیەشدا قوربانیی زۆری بەخشیوە، بۆیە هەمیشە مایەی شانازی و سەرفرازیی گەلەکەمانن.
لەم بۆنەیەدا، پیرۆزباییی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز، ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتییەکەتان و سەرجەم مامۆستایانی هێژای ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکەین و خەبات و تێکۆشان و بەخششتان بەرز دەنرخێنین.
هاوکات ڕۆڵی گرنگ و هەستیاری یەکێتیی زانایان بەهەند دەگرین و هیوادارین وەک هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە، زیاتر برەو بە کارنامە و چالاکییەکانتان بدەن.
دووبارە (٥٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆز بێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦




