٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی بە بۆنەی 56 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری بوونە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی: 

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر بڕیارێكی مێژوویی بوو بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەماندا. مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری بوونە و پەیامی خوداپەرستی و دینداری و لێبورده‌یی و میانڕەوی و پێکەوەژیانیان بڵاو کردۆتەوە.

ڕێز و پێزانینی بێپایانم هەیە بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە ڕابردوو و ئێستادا. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ هەموویان دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە و، ڕێنوێنی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا.

 

 خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت.

 

 مسعود بارزانی 

21ی ئەیلوولی 2026

هەواڵی پەیوەندیدار