٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى له‌ یەکێتیی زانایانى ئایینیى ئیسلامى كوردستان ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی ئایینی لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەها مرۆییەکان کردەوە.

دەقی پەیامەكەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، سەرکردایەتی و تەواوی مامۆستایان و زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

مێژووی خه‌باتى زانایانی ئایینی و یەکێتییەکەیان لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی و لە سەردەمی شۆڕشدا، شانبەشانی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بە پێزانین و ڕێزێکی زۆرەوە هەڵدەسەنگێنین. لەم یادە شکۆدارەدا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی زانایانی ئایینی و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین کە گیانی خۆیان لەپێناو نیشتماندا بەخشی.

مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، هەمیشە کۆڵەکەی پاراستنی بەها مرۆیی و نیشتمانییەکان بوون و ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە چەسپاندنی میانڕەوی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا. هه‌ر له‌م یاده‌دا جه‌خت دەکەینەوە کە کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/9/21

هەواڵی پەیوەندیدار