نێچیرڤان بارزانى: جێبهجێكردنى دهستوور، كلیلى چارهسهرى كێشهكانى عێراقه

سلێمانی-KDP. info- بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/9/2026، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی كردنهوهى لوتکەی سلێمانى بۆ ئابووری و گەشەپێدان و وەبەرهێناندا كرد كە هەریەك لە بەڕێزان سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە بەرپرسانى عێراق و هەرێمی كوردستان و كارسازان وخاوهنكارانى ناوخۆ و بیانی تیایدا بەشدار بوون.
له ڕێوڕهسمهكهدا بهڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستان، وتارێكى پێشكهش كرد، ئهمه دهقهكهیهتى:
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش،
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە سلێمانی لەم کۆبوونەوە گرنگەدا لەگەڵتانم کە دامەزراوەی ڤیژن ڕێكیخستووه بۆ تاوتوێکردنی داهاتووى ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق. دەستخۆشییان لێ دەکەم.
کەرتی تایبەت هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستاندا و پێشکەوت
نی کوردستان پێویستیی بەوەیە ڕۆڵەکەی فراوانتر و بەهێزتر ببێت. ئەرکی ئێمە ڕەخساندنی ژینگەیەکی یاسایی، کارگێڕی و ئەمنیی لەبارە بۆ وەبەرهێنان.
لە ساڵانی ڕابردوودا ژێرخانێکی باش و کارگە لە هەرێمی کوردستان دروست کران، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە بە شێوەیەکی تەواو لە ئابوورییەکی بەکاربەرەوە هەنگاو بنێین بەرەو ئابوورییەکی بەرهەمهێن و فرەچەشن لە ڕێگەی ئاراستەکردنی زیاتری سەرمایە بەرەو کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گهشتیارى و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان.
ئێمە ئابووریی هەرێمى كوردستان و عێراق بە تەواوکەری یەکتر دەبینین نەک ڕکابەر. بەهێزیی عێراق بەهێزییە بۆ هەرێمی کوردستان، ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانیش خزمەتی تەواوی عێراق دەکات. نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان ئاستەنگ بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان دروست بکەن، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بگەینە چوارچێوەیەکی دەستووریی ڕوون بۆ پرسەكانى دارایی، گومرک و باجەکان.
ئێمە دەمانەوێت کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەورەتر ببن، پێمان خۆشە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پڕۆژ
ەی تازە لە ناوەڕاست و لە خوارووی عێراق دەکەن، بەڵام زۆر پێویستە بەغدا ئاسانکاری بۆ کاری ئەو کۆمپانیایانە بکات کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و هەموو کاروبارى یاسایی و دارایییان لە هەرێمی کوردستان، لە بەغداش پەسەند و جێگەی متمانە بن.
لێرەدا دەمەوێ باسی کرۆکی بابەتەکە بکەم: هیچ چاکسازییەکی بانکی بەردەوام نابێت، هیچ پیشەسازییەکی بەهێز بنیات نانرێت، ناتوانین هیچ وەبەرهێنانێکی درێژخایەنیش ڕابکێشین ئەگەر سەقامگیریی سیاسی و یاسایی نەبێت، چونكه سەرمایە بەدوای متمانەدا دەگەڕێت، متمانەش پێویستی بە سەقامگیرییە، سەقامگیری پێویستی بە یاسایە، دەوڵەتی یاساش لە ڕێزگرتن و پابهندبوون بە دەستوورەوە دەست پێدەکات.
ئامادەبووانی بەڕێز،
دوای زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستووری عێراقدا، پێویستە زۆر بە ڕوونی لە خۆمان بپرسین لە هەموو عێراق: ئایا دەستوورمان وەكو خۆی، وەک ئەوەی لەسەری ڕێککەوتبووین جێبەجێمان کردووە؟
وەڵامەکە ڕوونە: نەخێر، نەمانکردووە!
ئێمە بڕوامان وایە کێشەی عێراق لە چۆنیەتیی دەستوورەکەیدا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە دەستوور هێشتا وەک خۆی و بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. دەستوور داواکارییەکی تایبەتیی کورد نییە یان ئیمتیازێک نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو گرێبەستێکە لەنێوان تەواوی عێراقییەکاندا و گهرهنتیى مافی سەرجەم پێکهاتەکان و تەواوی هاووڵاتییانی عێراقە.
کاتێک داوای جێبەجێکردنی دهستوور د
ەکەین، داوای هیچ شتێک لەسەر حیسابی هیچ پێکهاتەیەکی تر ناکەین، بەڵکوو داوای پابەندبوون بەو گرێبەستە دەکەین کە عێراقییەکان خۆیان دەنگیان بۆ داوە لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی، دیموکراسی و فرەییدا. جێبەجێکردنی دەستوور هاوبەشی و پێکەوەییی پێکهاتەکانی عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەم وڵاتەدا بەهێز دەکات.
بە ڕوونی دەیڵێم: دەستوور سەرچاوەی هێزە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. جێبەجێکردنی دەستوور هێز دەداتە دەوڵەت و متمانە دەگێڕێتەوە بۆ دەوڵەت لەلای خەڵکی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. ئێمە عێراقێکمان ناوێت کە هەر پێکهاتەیەک پەنا بۆ هێز، ژمارە یان پێگەی خۆی بەرێت بۆ پاراستنی خۆی، بەڵکوو ئێمە عێراقێکمان دەوێت کە هەمووان پەنا بۆ دەستوور بەرن.
دەوڵەتێکمان دەوێت کە تیایدا کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان، ئێزدی و سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق هەست بکەن مافەکانیان بە گۆڕانی حکوومەتەکان یان هاوکێشەی هێز ناگۆڕێت، بەڵکوو مافیان بە دەستوور پارێزراوە و لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت و یاساوە دەپارێزرێن.
فیدراڵى، کە لە دەستووردا پەسەند کراوە، سەرچاوەیەکی گەورەی هێزە بۆ عێراق، ئەگەر فیدراڵى جێبەجێ بکرێت، عێراق دەکاتە دەوڵەتێکی زۆر بەهێز لە ناوچەکەدا. فیدراڵی ئەو فۆرمەیە کە عێراقییەکان دهنگیان پێداوه و پهسهندیان كردووه بۆ بنیاتنانی دەوڵەتە تازەکەیان بە هاوبەشی و مسۆگەرکردنی یەکڕیزی. بۆیه جێبهجێكردنى دهستوور، كلیلى چارهسهرى كێشهكانى عێراقه.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەشێکین لە عێرا
قی فیدراڵ. دووپاتى دهكهمهوه، بەغدا قووڵاییی ستراتیژیمانە و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمى كوردستان، پێویستە بەهێزیی هەرێمی كوردستانیش وەک سەرچاوەی هێز تەماشا بکرێت بۆ تەواوی عێراق. بۆیە ناكرێت ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا وەک قەیرانێکی ساڵانە بمێننەوە و بە چارەسەری کاتی چارەسەر بکرێن.
ئێمە دەستوورمان هەیە، دامەزراوەمان هەن، مێزی گفتوگۆمان هەیە، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێکدا پێویستیمان بە ڕێککەوتنێكی تازە نییە، بەڵکوو پێویستیمان بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە گەورەیەیە کە هەموومان لەوێ كۆدەبینەوە، ئەویش دەستووری عێراقە. پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت و گاز و دەسەڵاتەکان دەبێت چارەسەری دەستووریی هەمیشەیییان بۆ بدۆزرێتەوە، بە جۆرێک کە مافەکانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی عێراق و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بپارێزێت.
ئامانج ئەوە نییە هەولێر بەسەر بەغدادا سەربکەوێت، یاخود بەغدا بەسەر هەولێردا سەربکەوێت، بەڵکوو ئامانج ئەوەیە عێراق سەربکەوێت، دەستوور سەربکەوێت. هێزی هەموومان لە عێراقێکی فیدراڵیی بەهێزدایە، هێزی هەموومان لەوەدایە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بەهێزتر بێت. بەهێزیی عێراق لەوەدایە کە بە ڕۆحی دەستوور هەڵسوکەوت بکات و عێراقییهكان به ههموو پێكهاتهكانیانهوه لەژێر چەتری دەستووردا خۆیان لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی هەستپێکراودا ببینن.
بەڕێزان،
ئەگەر هەر لە سەرەتاوە پابەندی دەستوور بووینایه و بە تەواوی جێبەجێمان بکردایە، عێراق بەدڵنیایییەوە سەقامگیرتر، پێشکەوتووتر و ئاوەدانتر دەبوو، متمانەی نێوان پێکهاتەکانی بەهێزتر دەبوو، پێگەی عێراق لە ناوچەکەشدا بێگومان گەورەتر دەبوو.
بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لەجیاتی چارەسەرکردنیان، کات، دەرفەت و سەرچاوەیەکی زۆری بەفی
ڕۆ دا. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانمان بهێنین و دەست بە چارەسەرکردنیان بکەین، ڕێگەی ئەوەش ڕوونە و بریتییە لە: دەستوور، دیالۆگ، هاوبەشیی نیشتمانی لەم وڵاتەدا. دهبێ دامهزراوهكان بههێز بكرێن و میكانیزمێك بۆ دۆزینهوهى ههڵهكان و ڕاستكردنهوهیان دروست بكرێت تاكوو چیتر دووباره نهبنهوه.
ئەمەش دەمانباتەوە سەر تەوەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان؛ ئەو وەبەرهێنەرەی پڕۆژەیەکی گەورە دادەمەزرێنێت، کار بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دەکات، بۆیە پێویستیی بە یاسایەکی ڕوون، دادوەرییەکی جێی متمانە و سەربەخۆیە، پێویستیی بە سیستەمێکی بانکیی پتەو و سەقامگیریی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەكەی جێبەجێ بكات. لەبەر ئەوە جێبەجێکردنی دەستوور و سەروەریی یاسا یەکانگیرن لەگەڵ ئابووریدا.
بەڕێزان،
هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەنی توانای زۆر و سەرمایەی مرۆییی گەورەن، ئەرکی ئێمەیە ژینگەی گەشەکردنیان بۆ بڕەخسێنین لە ڕێگەی چەسپاندنی متمانە لەنێوان هاووڵاتی و دامەزراوەکاندا، لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هەموو عێراقدا. لە هەر شوێنێک متمانە و سەروەریی یاسا هەبێت، وەبەرهێنان، دەرفەتی کار و گەشەپێدان زۆرتر دەبێت.
له عێراق و له ههرێمى كوردستان، نابێ چیتر كێشهكان بارى هاووڵاتى قورس بكهن. كوردستانییان چاویان له هێز و لایهنه سیاسییهكانه، كێشهكان به تهبایى و یهكڕیزى و پێكهوهیى لەناو هەرێمی كوردستاندا چارهسهر بكهن. هاووڵاتییان و وەبەرهێنەرانی کوردستان بە سەقامگیریی سیاسی کار و ژیانیان باشتر دەبێت، بۆیە دەبێ هەموومان کار بۆ ڕێککەوتن و سەقامگیری بکەین.
هەر لەمبارەیەوە دەستخۆشی لە دامەزراوەی ڤیژن دەكەم و سوپاسیان دەكەم كە بانگهێشتى ئێمەیان كردووە. هەروەها دەمەوێ سوپاسی تێڕوانینی برای بەڕێز و خۆشەویستم كاكە قوباد بكەم بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی كە كردی و بۆ ئەم هاندانەی كە لەگەڵ ڤیژن كردیان بۆ ئەم كارە جوانانە. بێگومان ئەم برادەرە خۆشەویستە، ماوەیەكی دوورودرێژ ئێمە پێكەوە كارمان كردووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا. من ئەو برادەرە وەكو سەرمایەیەك دەبینم بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم وڵاتە و دەستخۆشیی لێدەكەم.
هەموو لایەكتان بەخێر بێن و زۆر سوپاس.




