٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە مەڕاسیمی بەخشینی شەرەفی ئەندامێتی لە لقی ١٢، جەخت لە حیکمەتی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی کوردستان کرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەڕاسیمێکی شایستەدا لە هۆڵی بنکەکانی لق، بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، د. محەمەد خوڕشید بەرپرسی لقی ١٢، نوێنەرانی ناوچەکان و تێکۆشەرانی سنوورەکە، شەرەفی ئەندامێتیی پارتی بەخشییە ٨٦ هەڤاڵ.

لە وتارێکیدا عەلی حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر، شۆڕشێکی سەرتاسەری و نیشتمانی بوو کە جیاوازییەکانی سڕییەوە، دادپەروەریی هێنایە کایەوە و مافی ئافرەتان و مامۆستایانی ئایینی پاراست. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێبازی بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول بوونە بناغەیەکی پتەو بۆ مانەوە و بەهێزیی پارتی بەراورد بە حزبە هاوتەمەنەکانی ناوچەکە، کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی باشووری کوردستان بەرهەمی ئەو مێژووە زێڕینەن.

هەروەها باسی لە ڕۆڵی دیاری پێشمەرگە، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و خەڵکی تێکۆشەری هەڵەبجە، هەورامان و شارەزوور کرد لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵاندا. لە کۆتاییشدا سەبارەت بە بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە ڕوونی کردەوە کە سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی حەکیمانە کوردستان لە ئاڵۆزییەکان دەپارێزن، پارتی نابێتە بەشێک لە شەڕ، بەڵام بێ دەستێوەردان هەمیشە پشتیوان و هاوکاری بەشەکانی تری کوردستان بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار