د.ناڤسه‌ر نووری: ژماره‌یه‌ك روفاتی كۆڕه‌وی ملیۆنی دۆزراونه‌ته‌وه

دهۆك-KDP.info- ژماره‌یه‌ك روفاتی سه‌رده‌می كۆچی ملیۆنی، له پارێزگای دهۆك دۆزراونه‌ته‌وه، بریكاری وه‌زاره‌تی شه‌هیدانیش ده‌ڵێ "ڕوفاته‌كانی ده‌گوازرێنه‌وه بۆ پزیشكی دادیی دهۆك، دوای ڕێكاره یاساییەکان به‌خاك ده‌ستپێردرێن."
د.ناڤسه‌ر نووری عه‌بدال، بریكاری وه‌زاره‌تی شه‌هیدان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "له‌كاتی كاركردن له پڕۆژه‌یه‌ك له سنووری نێوان هه‌رێم و باكووری كوردستان روفاتی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی دۆزراوه‌ته‌وه، دیاره مێژووی ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ده‌می كۆچی ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌مڕۆ له ڕێوڕه‌سمێكدا ڕوفاته‌كان ده‌گوازرێنه‌وه بۆ پزیشكی دادیی دهۆك، دوای ڕێكاره یاساییه‌كان له قه‌ڵای نزاركێ به ڕێوڕه‌سم به‌خاك ده‌ستپێردرێن، چونكه قه‌ڵای نزاركێ وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌كی نیشتمانییە."
بریكاری وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان گوتیشی "سوپاسی ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك، لقی هه‌ژده‌ی ئامێدی، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رزێڕ و قایمقامیه‌تی چه‌لێ ده‌كه‌ین بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕوفاتانه.
هه‌شت له‌و ڕوفاتانه‌ی بینراون، ته‌نیا یه‌ك منداڵ ناوی له‌سه‌ر بووه، بەمەبەستی وه‌رگرتنی نموونه‌ی خوێن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌كاتی كۆڕه‌و كه‌سوكاریان كۆچی دوایی كردووه، ده‌توانن سه‌ردانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی نموونه‌ی خوێن بۆ پشکنین."
د.ناڤسه‌ر نووری عه‌بدال ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئه‌وه‌ی له‌توانای وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه بۆ دۆزینه‌وه و هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی ئەو کەس و کۆمەڵانەی به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتوون گۆڕبزر و کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کراون، درێغی ناكه‌ین، هه‌ر له جینۆساید و ئه‌نفاله‌وه تا كۆڕه‌وی ملیۆنی، ئێمه پلانمان هه‌یه بۆ نوژه‌نكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گۆڕستانی سه‌رده‌می كۆچی ملیۆنی له ناوچه‌كانی چه‌لێ و مێردین و موش له باكووری كوردستان، ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر خواستی كه‌سوکاری خاوه‌ن گۆڕه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستیان به نوژه‌نكردنه‌وه هه‌یه و خه‌ڵکێکی زۆر له سه‌رده‌می كۆڕه‌وی ملیۆن له‌و كه‌مپانه كۆچی دوایی كردووه و گۆڕستانی تایبه‌تیان بۆ دروست كراوه."
قائید میرۆ




