٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پەروەردە: سبەی، 1ـی ئەیلوول، مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند، لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە هەنگاوە کردەییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان دەستیان پێکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کارە لەپێشینەکان، چاپکردنی کتێبی نوێ بووە کە نزیکەی 20 ملیۆن کتێب چاپ کراون. راشیگەیاند، "تا ئێستا 90٪ـی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان، ئەگەر بارودۆخەکە ڕێگر نەبێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا 99٪ـی کتێبەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان." هەروەها گوتیشی، 264 کۆنتێنەری کەلوپەل گەیشتوونەتە پەروەردەی شارۆچکەکان و پرۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان بەردەوامە.

سەبارەت بە ڕیفۆرم لە کەرتی پەروەردە، ئالان حەمە سەعید جەختی لە پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی کردەوە لە ڕێگەی زیادکردنی پەیمانگا و ئامادەییە پیشەییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئینگلیزی لە ناوەندەکانی خوێندندا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، 32 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵ ئامادەکراون، کە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بوون 8 لە سلێمانی، 6 بۆ 8 لە هەولێر، 8 لە دهۆک، یەک لە ڕاپەڕین، دوو لە گەرمیان و دوو لە زاخۆ. سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنیش، گوتی، "نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دابینکردنی نەوت، هەروەها ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تری ئەو باڵەخانە نوێیانە."

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، سبەی، 1ـی ئەیلوول، مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە و پرۆسەیەکی فراوانی ڕاهێنان دەستپێدەکات. "بۆ ماوەی 19 ڕۆژ پرۆسەی ڕاهێنان بەردەوام دەبێت، تێیدا هەر مامۆستایەک 5 بۆ 6 ڕۆژ راهێنان لەسەر بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت."

بۆ ئاسانکاری مامۆستایانیش، وەزارەت بڕیارێکی دەرکردووە، هەر مامۆستایەک نیشتەجێی دەرەوەی شار بێت، دەتوانێت لە نزیکترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەشداری خولەکانی ڕاهێنان بکات پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆیان.

هەواڵی پەیوەندیدار