٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان عوسمان گرنگی بەشداری تیپی هونەرە میللیەکانی هەولێر لە Vistula Folk Festival 2026 دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵەندا-KDP.info- تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بەشداری لە کۆنسێرتێکی نێودەوڵەتی دەکات و کەلەپوری کوردی دەباتە سەر ئاستی جیهان نمایش دەکات. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕایگەیاند، تیپی کوردستان، هاوشانی گرووپەکانی وڵاتانی ئیسپانیا، بەڕازیل، ئۆکڕانیا و لەتیڤیا بەشداربوون لە Vistula Folk Festival 2026 لە پۆڵەندا، ئەمەش بە ئامانجی نمایشکردنی کلتووری ڕەنگاوڕەنگ و دەوڵەمەندی کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئامانجی سەرەکی لە بەشداری تیپی هونەرە میللیەکانی هەولێر لە Vistula Folk Festival 2026، ناساندنی کلتوور، کەلەپوور و هونەری نەریتی کوردی بە بینەرانی پۆڵەندا و گرووپە هونەرییەکانی وڵاتانی جیاواز بوو. ئەم بەشدارییە تەنها پێشکەشکردنی هەڵپەڕکێ و گۆرانی نەبوو، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کوردستان لە ڕێگەی زمانێکی جیهانی، واتە هونەر، خۆی بناسێنێت."

بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەبارەی ئەم فێستیڤاڵە جیهانییە زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی، "کۆنسێرتی Vistula Folk Festival 2026، یەکێکە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە فۆلکلۆرییە ناسراوەکانی پۆڵەندا و لەلایەن CIOFF وەک فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ناسراوە. تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێریش بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بە ئاماددەبوونی گرووپی وڵاتانیتر و میوانان لە دەرەوەی پۆڵەندا و چەندین گرووپی پۆڵەندی لە بەرنامەکەدا بەشدارن، هاوکات فێستیڤاڵەکە هونەرمەندانی سێ کیشوەر لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە. بەشی کوردستان بەناوی (ژیان له گوند) لەسەر بنەمای پێشاندانی ڕەنگاڵەیی و جۆراوجۆری کەلەپووری کوردی داڕێژراوە، واتە هەڵپەڕکێ، مۆسیقا و گۆرانیی نەریتی، لەگەڵ جلوبەرگی کوردی و هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان."

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا، سیروان عوسمان گرنگیی بەشداری هەولێری لەو فێستیفاڵە جیهانییە خستەڕوو و گوتی، "بەشداریی تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر لە Vistula Folk Festival 2026 هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماسیی کلتووری و کردنەوەی دەرگای بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوو. بەردەوامی ئەم فێستیڤاڵانە و ئاماددەی کوردستان دەتوانێت پەیوەندییە هونەرییەکان فراوانتر بکات و دەرفەتی بەشداریی تیپە کوردییەکان لە فێستیڤاڵەکانی دیکەی جیهانیش زیاد بکات."

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار