تۆم باراک هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی سەرکۆنە دەکات

ھەولێر-KDP. info- باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکەی دەزانێت.
دوای هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و هێرشەکەی بە کارێکی قبووڵنەکراو دانا.
تۆم باراک لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر دۆست و هاوبەشە کوردە بەنرخەکەمان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزەکەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم جۆرە دەستدرێژییە بۆ سەر هاوپەیمانە کوردە متمانەپێکراوەکانیان قبووڵنەکراوە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات هۆشداری دەدات کە واشنتن چاوپۆشی لەو دوژمنکارییانە ناکات و قبووڵیان ناکات.




