٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ئیدانە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  وەزارەتی پێشمەرگە هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنە دەکات و داوای هەڵوێستی جدی لە بەغدا دەکات.

 وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.

دەقی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.

ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستووری و یاساییەکان و پێشێلکردنی سەروەرییە.

هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و هەوڵی داوە هەموو گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە یەکلایی بکرێنەوە. ئەم دەستدرێژییە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە.

پێویستە هەموو لایەک ڕێز لە سەروەریی عێراق و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستان بگرن. داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین هەڵوێستی جددییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە ناڕەوایانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

وەزارەتی پێشمەرگە

هەواڵی پەیوەندیدار