دەوڵەتی یاسا: مەسروور بارزانی سەقامگیریی هێناوەتە کایەوە و دەبێت سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت

بەغدا-KDP- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ماڵی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن دەڵێت، مەسروور بارزانی سەرکردەیەکی دیارە و سەقامگیریی هێناوەتە کایەوە، بۆیە دەبێت سنوورێکی ڕاستەقینە بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
عەباس موسەوی، ڕاوێژکاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ سەلامەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ڕایگەیاند: پێویستە لیژنەیەکی ورد و پسپۆڕ بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکان پێکبهێنرێت.
دەبێت بزانرێت ئەم هێرشانە لە کوێوە ئەنجام دەدرێن، چونکە ئەگەری هەیە گرووپگەلێک خاکی ئێران بەکاربهێنن بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان.
ڕاوێژکارەکەی دەوڵەتی یاسا وتیشی: عێراق پێویستە بەپەلە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمانی هەموو وڵات لە هێرشی درۆن.
موسەوی جەختی کردەوە: ئێمە دەزانین ناوچەکە بەدەست شەڕ و ئیرادەیەکی نێودەوڵەتییەوە دەناڵێنێت کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیرییە، بۆیە پێویستە بەرەی ناوخۆیی عێراق بەهێز بکرێت.




