بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی کرد کە نووسینگەی تایبەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە پیرمام کردە ئامانج. فراکسیۆنی پارتی ئەم هێرشەی بە دەستدرێژی بۆ سەر خاک و سەروەریی دەوڵەتی عێراق و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم دا.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنیەکەی ئێران دەکەین ، کە ئەمڕۆ ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی ڕێزدار (مەسروور بارزانی/ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم) و شوێنی حەوانەوەی بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن.
ئەم هێرشانە تەنها بەئامانج گرتنی بەڕێزیان و دامەزراوەکانی هەرێم نین، بەڵکو دەستدرێژین بۆ سەر خاک و سەروەریی و شکۆی دەوڵەتی عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێشێلکاریەکی زەق و توند و بێ پاساوی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باشن لە پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتاندا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیاسەت و هەڵوێستی ڕێزدار مەسروور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا، هەمیشە بریتی بووە لە پاراستنی بێلایەنیی هەرێم و بەدوورگرتنی لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و ڕێزگرتنی ماف و ئەرکەکانی دراوسێیەتی باش، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ ئاشتی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ و کێشەو ململانێکان.
لەو سۆنگەیەوە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، کە هەموو ڕێکارە سیاسی و دیپلۆماسی و یاساییە پێوویستەکان لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانەدا و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لەداهاتوودا بگرێتەبەر، چونکە پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتیەکی هاوبەشە.
جێگای ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نیە کە ئەم هێرش و دەستدرێژیانە دەکرێنە سەر کەسایەتی و دامەزراوە و خاکی هەرێمی کوردستان ، لەکاتێکدا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەفەرمی چەندین جار لایەنەکانی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەم ڕەفتارانە پاساویان نیە و خزمەت بە دۆستایەتی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانمان ناکات. لێرەوە فراکسیۆنەکەمان دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیامی ئاشتی و گفتوگۆ و پاراستنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش، بە توندی سەركۆنەی دەستدرێژی كردنە سەر خاک و دامەزراوە و شکۆی هەرێمی کوردستان دەكات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
١٧ / ٨ / ٢٠٢٦




