٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک، مرۆڤێک لە پشت پرۆتۆکۆڵەوە

سەرچاوە: KDP.info

پ. د. بەهات حەسیب قەرەداخی

نیازم نییە بەم وتارە ژیاننامەی سەرۆک بارزانی بنووسمەوە و هەوڵیش نادەم دووبارە باسی  قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و سەربازیی بەڕێزیان بکەم، چونکە ئەو باسوخواسە ڕووبەرێکی زۆر فراوانتری پێویستە و ئیشی منیش نییە. ئەوەی من لێرەدا ئامانجمە، نزیکبوونەوەیە لەو مرۆڤەی وا لە پشت وێنەی ڕابەرێکی میژووییەوەیە، هەوڵێکە بۆ تیشکخستنە سەر هەندێک تایبەتمەندی و ڕەفتار و ئاکاری سەرۆک، کە لە گۆشەیەکی ترەوە و بە زمانێکی جیاواز لە زمانی لێدوان و بەیاننامە ڕەسمییەکان، کەسایەتییەکەی بەرجەستەدەکەن.

1. دڵسۆزی... کاتێک هاوڕێیەتی لە قووڵایی بیرەوەڕیدا ڕەگ دادەکوتێ:

دڵسۆزیی لای سەرۆک تەنها ڕێزگرتنێکی کۆمەڵایەتی یان دەستەواژە و چەند ڕستەیەکی ستایش نییە لە بۆنەکاندا بگوترێنەوە. دڵسۆزیی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەخلاقیەتی سەرۆک. هیچ بۆنەیەک نییە تێیدا یادی ئەوانە نەکاتەوە کە لە ڕۆژە سەختەکاندا لە پاڵ خۆی و بارزانیی نەمردا بوون و پشتیان بەرنەداون. هاوڕێیەتی بەلای سەرۆکەوە گرێدراوی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی یان ڕایەڵەیەکی پێگە و بەرژەوەندیی کاتیی سیاسی نییە. ئەم تایبەتمەندییە تەنها لە بازنەی هەڤاڵە هەمیشەییەکانیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو زۆر جار بە شانازی و منەتبارییەوە، وەفا دەنوێنێ بۆ  گوندنشینێک یان شوانێک کە دەیان ساڵ لەمەوبەر تەنها جارێک ڕێیان کەوتۆتە یەکدی.. کەسانێک  کە ڕەنگە بە جەستە نەمابن بەڵام لە بیرەوەریی سەرۆکدا هێشتا هەر زیندوون و ئامادەنەبووەیەکن لە ئامادەبووکان زیاتر لە بەرچاو و لەبەر دڵانن.

2. لێبووردەیی ... سەرچاوەکەی هێزە نەک لاوازی:

بە دڵنیاییەوە خەڵکانێک هەبوون و هەن لە ڕووی بیروباوەڕ و بڕیاری سیاسییەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا ناکۆک بوون و ناکۆکن، ئەمەش بۆ پیاوێکی سیاسی کە دەیان ساڵ لە ناوجەرگەی ململانێ و گۆڕانکارییەکاندا ژیاوە، شتێکی زۆر ئاسایی و سرووشتییە، بەڵام تایبەتمەندیەک کە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم، توانای سەرۆکە لە تێپەڕاندنی ئەو هەڵوێستە نەرێنی و دوژمنکاریانەی لەبەرامبەر خودی خۆیدا کراون و دەکرێن، کورد گوتەنی کای کۆن بە با ناکات و ناکۆکیەکانی ئێستا و ڕابوردووش ناکاتە کەرەسە و پاساو بۆ  دژایەتی و خواستی تۆڵەسەندنەوە. لە ساتەوەختی یەکلاکەرەوەدا ناکۆکیی سیاسی نەبۆتە ڕێگر لە بەردەم هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نویی پەیوەندیدا. مرۆڤ دەتوانێت تەواو جیاواز و ناکۆک بێت لەگەڵ کەسانی تردا، بەبێ ئەوەی ڕێ بە خۆی بدات ناکۆکیەکان توانای لێبوردەیی و خواست و ئیرادەی تەبایی لێ زەوتبکەن. هەڵبەتە لێبووردن ناکاتە لەبیرچوونەوەی ڕووداوەکان، بەڵکو مانای وایە مرۆڤ نابێ ڕێبدات ڕابردوو ببێتە زیندانێکی هەمیشەیی بۆ خۆی بۆ خەڵک.

3. سادەیی و خاکەڕایی:

هەرچەندە ئەوە سرووشتی پێگە و دەستەڵاتە کە زۆرجار مرۆڤ پابەندی پرۆتۆکۆل و شێوازە ڕەسمییەکانی هاتوچۆ و ڕەفتار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێ وردە هەڵسوکەوت و  ئاکار و ئاخاوتنی سەرۆکدا ئەوە بەدی دەکرێت کە چەند مرۆڤێکی سادە و ساکار و خاکەڕایە و زۆرجاریش لە دەرەوەی پرۆتۆکۆڵ ڕەفتار و گوفتار دەکات کە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی ناخی خۆیەتی بەدەر لە ئەتەکێتی پێگە و دەستەڵات. سادەیی سەرۆک تەنها لە ڕواڵەتدا نییە، بەڵکو لە شێوازی ئاخاوتنیدایە کە گرنگی بە هەندێ وردە بابەت دەدات و بەسەریاندا تێناپەڕێت. بۆ نموونە لە گەرمەی وتاردانیدا، بەسەرهاتێکی لاوەکیی بیر دەکەوێتەوە، زۆر بە گرنگییەوە دەیگێڕێتەوە و فەرامۆشی ناکات، یان بە پێکەنینەوە گلەییەکی دۆستانە لە تەکنیککاران دەکات کە نەیانتوانیوە کێشەی مایکرۆفۆنەکەی چارەسەر بکەن، یان سەرنجی دەچێتە سەر ئامادەبوویەکی ناو هۆڵەکە و ناوی دەهێنێ و داوای لێدەکات بەسەرهاتێکی پەیوەندیدار بە بابەتی وتارەکەیەوە بگێڕێتەوە، ئینجا دەستێکی دەخاتە ژێر چەناگەی و بە خەندە و بایەخەوە گوێی لێ دەگرێت. هەمووان بینیمان کە چۆن پرۆتۆکۆڵی فەرامۆش کرد و بەسەر فەرشی سووردا بەرەو لای کەژاوەی ئێسک و پرووسکی شەهیدان ڕێی نەکرد.  لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی پێشمەرگە و هەڤاڵێکی دێرینیدا فرمێسک ڕووخساری تەڕ دەکات... ئەم جۆرە ئاکار و ڕەفتارانە دیوێکی ڕاستەقینەی شارەوەی کەسایەتییەکەی سەرۆکمان نیشان دەدەن.

4. خوێنەرێک کە بیرەوەریەکانی خۆی و مێژووی گەلەکەی دەنووسێتەوە:

خوێندنەوە بۆ سەرۆک بارزانی کە هەموو تەمەنی خۆی لە ناو کێشمەکێشی سیاسەت و خەباتی چەکداریدا بەسەر بردووە، تەنها هەوڵێک نییە بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزوویەکی کولتووری، بەڵکو ڕێگەیەکی ناچارییە بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و دەوروبەر، لە کۆمەڵگە و لە مێژوو، لە ئێستا و لە داهاتوو. لە خوێندنەوەش گرنگتر تۆمارکردنی بیرەوەری و یادداشتەکانێتی. سەرۆک کە یادداشتەکانی خۆی دەنووسێتەوە، تەنها ڕووداوەکان ناگێڕێتەوە بەڵکو هەوڵ دەدات لەڕێی بیرەوەرییەکانییەوە شێوە و واتایەک ببەخشێت بە ڕابردوو. وەک شایەتحاڵێک دەرس و پەند و وانە لە ڕاستییە تاڵ و شیرینەکان، لە سەرکەوتن و شکستەکان، لە تێگەیشتن و بەدحاڵیبوونەکانی کاروانی خەباتی خۆی و هەڤاڵەکانی هەڵهێنجێت و دەیانخاتەوە بەرچاوی هەمووان بۆ گفتوگۆ و پێداچوونەوەیان.

5. یادگە و توانای بیرهاتنەوە

هەموو ئەوانەی یەک جاریش سەرۆک بارزانییان لە نزیکەوە ناسیوە، توانایەکی سەرۆک سەرنجی ڕاکێشاون کە وەبیرهاتنەوەی ناوی خەڵک و گوند و شاخ و چەم و ڕووبار و وەرزو کات و ساڵ و ڕۆژ و ژمارە و ڕوخسار و وردەکاریی ڕووداوەکانە. ئەمەش تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگە بۆ ڕابەرێکی سەرقاڵ کە لە چەندین قۆناغی مێژوویی کوردستاندا ژیاوە. یادگە بۆ سیاسەتمەدار تەنها کۆگایەک نییە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی ڕووداوەکانی ڕابردوو، بەڵکو یەکێکە لە ئامڕازەکان بۆ خوێندنەوەی ئێستا و پێشبینیکردنی داهاتوو.

6. کوردستان... دایکێکی زۆر میهرەبان،

ڕەنگە ئەستەم بێت بەبێ گەڕانەوە بۆ قووڵیی پەیوەندیی بارزانی بە کوردستانەوە، لە کەسایەتیی سەرۆک تێبگەین، چونکە کوردستان بۆ ئەو زۆر زیاترە لە خاک و پانتاییەکی جوگرافی و دیموگرافی و سیاسی. کوردستان بۆ ئەو بیرەوەری و ناسنامە و خەبات و سرووشت و خەڵک و مێژووە، هەر ئەمەش سەرچاوەی خۆشەویستییەتی بۆ سرووشتی کوردستان. ڕەنگە خۆشەویستی و هۆگریی بۆ سرووشت، وردەکارییەکی کەم بەها بێت لە ژیانی زۆر کارەکتەری سیاسیدا، بەڵام بۆ سەرۆک بارزانی، ئەو خۆشەویستی و هۆگرییە، ڕەهەندێک و دیوێکی تری بونیادی ناخ و کەسێتیی ئاشکرا دەکەن و پێمان دەڵێن: سەرۆک مرۆڤێکە پەیوەندیی بە سرووشتەوە نەپچڕیوە و ئارامیی دەروونیی خۆی لەنێو چیا و دار و درەخت و ئاو و هەوای سازگاردا دەدۆزێتەوە، بۆیە لە ناخەوە بەستراوەتەوە بەم خاکەوە و زەڕڕەیەک خاکی وەتەن نادات بە قەسری قەیسەری!.

7. جلوبەرگ... کە ناسنامە لە ڕواڵەتیشدا ڕەنگدەداتەوە:

یەکێ لەو وردەکارییانەی لە کەسایەتیی سەرۆکدا سەرنجی ڕاکێشاوم، لە زۆربەی بۆنە و دیدار و سەردانەکانیدا پابەندە بە جلوبەرگی نەریتیی کوردییەوە. لەوانەیە بەلای هەندێکەوە ئەمە تەنها هەڵبژاردنێکی سادەی جلوبەرگ بێت و هیچی تر، بەڵام بە بۆچوونی من، لە لای سەرۆک ئەم باسە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ، ئەو جلوبەرگ و پۆشاک و جەمەدانییە سوورە، تەنها تێکەڵکردن و گرێدانەوەی چەند پارچە کوتاڵێک نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنێکی هێمنانە و شارستانیانەی ناسنامەیە، بەشێکی بنەڕەتییە لە مێژوو، لە بیرەوەری و خاوێنڕاگرتنی فەزای بینین و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی. زۆر جاریش پۆشینی جلوبەرگی نەریتیی کوردی پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ دنیا و دەوروبەر دەنێرێت: سیاسەتمەدار دەتوانێت ئامادەی و کۆبوونەوە و کۆنفرانس بێت و لەگەڵ ئاڵۆزترین دۆسیەکانی سیاسەتیشدا مامەڵە بکات، بەبێ ئەوەی ڕەهەندەکانی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی فەرامۆش بکات.

8. ڕەوانبێژیی لە زمانی عەرەبیدا:

زمانی عەرەبی بۆ سەرۆک تەنها ئامڕازێک نییە بۆ پەیوەندیی سیاسی یان بۆ نووسینی نامە و بەیاننامە.  سەرۆک توانایەکی ڕەوانبێژیی بەرچاوی هەیە لە دەربڕینی بیرۆکە و هەست و هەڵوێست بە عەرەبییەکی بێ خەوش. زمانی عەرەبی بۆ سەرۆک، پردێکە بۆ تێگەیاندن و تێگەیشتن لە بەرامبەر.

9. هۆگریی شیعر و عیرفان :

شیعری عیرفانیی چ کوردی چ عەرەبی و چ فارسی، لە پشت ڕواڵەتەکانەوە بەدوای دیوی شارەوەی مرۆڤدا، بەدوای واتای پشت دیاردەکان، لە پشت ماددەوە، بەدوای ڕۆحدا دەگەڕێت. هۆگریی سەرۆک بەم جۆرە شیعرە، ڕەهەندێکی تری ورد و مرۆیی لە کەسایەتییەکەیدا ئاشکرا دەکات کە بەئاسانی لە ژیانی سیاسیدا بەدیار ناکەوێت. کەسێک ساڵانێکی دوور و درێژ لە ناو گێژاوی سیاسەت و ململانێ و بڕیارە سەختەکاندا ژیابێت، جار جارە پێویستی بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی جیاواز دەبێت کە تێیدا ئارامیی ڕۆحی و واتای نوێ بدۆزێتەوە، بە دڵنیاییەوە شیعری عیرفانی لە توانایدایە ئەو ژینگە ڕۆحییە بۆ مرۆڤێکی ماندوو بڕەخسێنێ چونکە جوانترین لایەنی عیرفان ئەوەیە کە هیچ ڕاستییەکی ئامادە و لە قوتوونراوت ناداتێ، بەڵکو دەرگە و پەنجەرە و کڵاوڕۆژنەکانی ژیان بۆ  خوێنەر دەکاتەوە تا ئاسۆی بینین و تێفکرینی فراوانتربێت. هۆگریی سەرۆک بارزانییش بۆ دنیای عیرفان خواست و هەوڵێکە بۆ گەڕان بەدوای ئارامی و حیکمەتدا.

10. پێشمەرگە... پەیوەندییەک کە سنوورەکانی سیاسەتی تێپەڕاندووە:

هێزی پێشمەرگە بۆ سەرۆک بارزانی تەنها دەستەیەکی سەربازی نییە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا. پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی جێیەکی هەرە باڵایان لە هەست و بیرەوەریی سەرۆکدا داگیرکردووە، چونکە ئەوان ئێستا و ڕابردووش ئەو پیاوانە بوون کە لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەدا مەردانە لەپاڵیدا بوون و سەختیی ژیانی ناو ئەشکەوت و چیا و دۆڵی سووتاو و سەنگەریان لەگەڵدا بەشکرد و کۆڵیان نەدا. ئەو مرۆڤە ڕاستگۆ و لەخۆبوردووانە بوون کە نەچەمینەوە و بە خوێنی ئاڵی هەزارانیان، ئەم ڕزگارییە بە دەستهات!  خۆشەویستیی سەرۆک بۆ پێشمەرگە پەیوەندییەکی پرۆتۆکۆڵیی نێوان فەرماندە و سەربازەکانی نییە.. کاتێ کە قسەیان بۆ  دەکات، یان کە لە بیرەوەرییەکانیدا قارەمانییەتیان دەگێڕێتەوە، کە لەسەنگەرەکاندا بەسەریاندەکاتەوە و وێنەیان لەگەڵدا دەچرکێنێ، خۆشەویستی و میهرەبانییەکی قووڵ باڵدەکێشی بەسەر کەش و هەوای نیوانیاندا.

هەشتا ساڵ تەمەنی سەرۆک و سەد وتار بەرهەمی نووسەر:

هەشتا ساڵ لە کاروانی ژیانی سەرۆک تێپەڕی و سەد وتاریش لە قەڵەمی منەوە لەدایک بوون، لە پشت ئەو هەموو ڕۆژ و ڕووداو و ساڵ و وشە و ڕستەیەوە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها مرۆڤە. مرۆڤێک کە لە مێژوودا بە دەسکەوتە گەورەکانیدا دەناسرێتەوە، بەڵام لە دڵ و بیرەوەریی خەڵکدا بەو ئاکار و وردەکارییانەی ژیانیدا دەناسرێتەوە کە لە هیچ بەڵگەنامەیەکی ڕەسمیدا نانووسرێنەوە.

هەشت دەیەی ژیان و خەبات و هەڵبەز و دابەز و گۆڕانکاری: لە چیاوە بۆ شار، لە سەنگەرەکانی شۆڕش و بەرگرییەوە بۆ ناو داوودەزگای حوکمڕانی، لە شەڕی بەرەیی و پارتی زانییەوە بۆ داڕشتنی پلانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، لە خەونی گەورە و باڵاوە، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکانی واقیع.

سەد وتاریش بیرەوەرییەکە لە کاروانی نووسینمدا و سەدهەمین هەوڵمە بۆ خوێندنەوەی ئاکاری خەڵک و بیرۆکە و کێشە و ڕووداوەکان لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار