پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزدییاندا

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوازدەهەمین ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزدییەکاندا داوای لە حکوومەتی عێراق کرد ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بکات، کار بۆ بەپارێزگاکردنی بكات، و هێزە نایاسایییەکان ناوچەکە جێبهێڵن، تاوەکو زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان بڕەخسێت.
دەقی پەیامی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزدییاندا:
ئەمڕۆ بە خەم و ئازارێکی قووڵەوە، یادی دوازدە ساڵەی تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانى ئێزدیمان دەکەینەوە. لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بەوپهڕى ڕێز و وەفادارییهوه بەبیریان دەهێنینەوە.
تاوانی جینۆسایدی ئێزدییان و بهسەبیکردنی کچ و ژنانیان و تێکدانی ماڵ و پەرستگەکانیان، برینێکی کراوەی دڵ و دهروونى گەلی کوردستانە. بهداخهوه هاووڵاتییانی ئێزدیمان پاش دوازدە ساڵ، هێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئامادەییی هێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن.
لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخى شهنگال لهگهڵ حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا جێبەجێ بکات، کار بۆ بەپارێزگاکردنی بکات و هێزە نایاسایییەکان ناوچەکە جێبهێڵن، تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاووڵاتییانى ئێزدیمان دڵنیا دەکەینەوە تا تاقە ڕفێندراوێک مابێت، تیمی نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسیان. هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانمان تا تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی جیهاندا بە تەواوی وەک جینۆساید بناسرێن.
لەم یادەدا، سوپاس و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵکی میوانپەروەری دهۆک و بادینان بهگشتى دەکەین کە لە ساتە سەختەکاندا دەرگای ماڵ و قوتابخانە و مزگەوتەکانیان بۆ ئاواره ئێزدییهكان کردەوە. ههروهها سوپاس و پێزانین بۆ ههموو ئهو وڵاتانهى ئهو تاوانهیان به جێنۆساید ناساندووه و به ههر شێوهیهك بێت، یارمهتیى ئێزدییانیان داوه.
سڵاو لە خۆڕاگریی کۆمەڵگەی ئێزدی، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و تەواوی ئەو پێشمەرگە قارهمانانەی ئهو ڕۆژگاره سهخته بە فەرماندەییی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شەنگال و پاراستنی شكۆى نیشتمان بەخشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/8/3




