١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە 50% تا 25% بڕیارێکی نوێی وەزارەتی کارەبا لەبارەی قەرزی کۆنی هاوبەشان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داشکاندنێکی نوێی بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی "رووناکی" ڕاگەیاند. 

داشکاندنەکە بە ڕێژەی 50% بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەبێت، هاوکات ڕێژەی 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و حکوومی دەبێت، جگە لە هاوبەشە پیشەسازییە زۆر گەورەکان بەهۆی هەبوونی هێڵی تایبەت بە خۆیانەوە.

بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە، هاوبەشان پێویستە هەموو بڕی پارە کەڵەکەبووەکە بە یەکجار بدەن و بڕیارەکە پارەدانی بەش بەش ناگرێتەوە. خێراترین ڕێگە بۆ پارەدان بریتییە لە (ئی-پسوولە) بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دووربکەونەوە لە قەرەباڵخی هۆبەکانی فرۆشیاری وزە. هاوکات ئەم داشکاندنە پارەدان لەڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی کارەبا ناگرێتەوە.

پڕۆسەکە لە 3ی ئاب دەست پێدەکات و تاوەکو 10ی ئەیلول بەردەوام دەبێت. لە پێناو ئامادەکاریی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی داشکاندنەکە، بەرنامەی (ئی-پسوولە) لە 30ی تەممووز تاوەکو 3ی ئاب لەکار دەوەستێت.

جەختیش کراوەتەوە، ئەم داشکاندنە بە دوایین دەرفەت دادەنرێت بۆ پاککردنەوەی هەژماری هاوبەشان. دوای 10ی ئەیلول، وەزارەتی کارەبا ڕێکاری تووند دەگرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەبێ هیچ داشکاندنێک.

هەواڵی پەیوەندیدار