بەشداربووان بۆ KDP.info: ئەوە دیدگا و ستراتیژییەتی پارتییە لە وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی

سۆران-KDP.info- لە سەردەمی خێراکاریی تەکنەلۆجیا و گۆڕانکارییە مۆدێرنەکاندا، خولەکانی پێگەیاندن و شیاندنی کادیران لە ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوونەتە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی تاک و دروستکردنی سەرکردەی کارامە. بەشداربووانی ئهو خولانە لە سۆران، لە لێدواندا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت دەکەنەوە کە گرنگیدانی بەردەوامی پارتی بە فێربوونی لێهاتووییەکانی سەردەم، متمانەبەخۆبوونی گەنجانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی بەرز کردووەتەوە.
جەواد مەهدی، چالاکوان لە سۆران کە بەشداری لە خولی پێگەیاندنی کادیران لە لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی KDP.info گوتی، ''ئەم خولانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی کادیران هەیە تا بتوانن خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی دونیای مۆدێرن بگوونجێنن.
جەواد مەهدی خولەکانی پێگەیاندنی بە پێداویستییەکی ستراتیژیی سەردەم ناوزەد کرد و گوتی، ''بەم هۆیەوە کادیری سیاسی لە ئاستی جێبەجێکارێکی سادەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەرکردەیەکی کارامە و بەهێز لە گۆڕەپانەکەدا.
لە لایەکی ترەوە، شیڤا عوسمان، ئاماژەی بە ڕەهەندە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی خولەکانی پارتی کرد و گوتی، ''خولەکانی پێگەیاندن گرنگترین ئامرازی گەشەپێدانی تاکن. تاک بەر لە بەشداریکردن لەوانەیە بۆ پێشکەشکردنی وتەیەک لەبەردەم جەماوەردا تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بێت، بەڵام دوای خولەکە، متمانە و باوەڕبەخۆبوونی زۆر بەرز دەبێتەوە.
شیڤا داواش دەکات ئەم بەرنامانەی پارتی بەردەوام بن و گوتی، ''پێویستە ناوەڕۆکی خولەکان بەردەوام نوێ بکرێنەوە و گرنگیی زیاتر بە پەروەردە، تەکنەلۆجیا و پرۆگرامسازی بە شێوازی تیۆری و کرداری درێژەی پێ بدرێت تاوەکو کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر بنیات بنێین.
هاوکات زانا مراد حەمەددەمین، بەشداربووی خولی پێگەیاندن ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەوپێشچوونی سەردەم پێویستی بە نوێکردنەوەی بەردەوامی لێهاتووییەکان هەیە و گوتی، ''سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی لقی ١٠ی پارتی، لقی سۆرانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان و ڕاهێنەران دەکەین کە بەردەوام دەرفەتی فێربوون بۆ گەنجان و لاوان دەڕەخسێنن.
ڕێکخستنی ئەم جۆرە خولانە لەلایەن ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە دەڤەری سۆران، تەنیا ڕاهێنانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی دیدگا و ستراتیژییەتی پارتییە لە وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر، زانستپەروەر و ئاشنا بە تەکنەلۆجیای ڕۆژگار کە بتوانێت بڕوا بەخۆبووانە ببێتە داینەمۆی پێشکەوتنی کوردستان و بەشدار بێت لە ئاوەدانکردنەوەی ئایندی وڵاتدا.
ڕاپۆرتی: ئەژین غەفار




