دیاری حوسێن بۆ KDP.info: داواکاریی گەڕانەوەمان بۆ ئەنجوومەن تاوتوێ دەکرێت و سەرکردایەتی بڕیار دەدات

كهركووك-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە نووسراوێکی فەرمی داوای بەشداربوونی هەردوو ئەندامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن دەکەن. لە بەرامبەردا، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان دەڵێت، داواکە گەیەندراوەتە سەرکردایەتیمان و هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداربوونیان نەدراوە.
دیاری حوسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای کرد کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە داوا لە پارتی کراوە بەشدار بێت، بەڵام تا ئێستا بەشدار نەبوونە. گوتیشی، "لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئیمزای هەموو کوتلەکانی ناو ئەنجوومەن و سەرۆکی ئەنجوومەن، بە نووسراوی فەرمی داوای گەڕانەوەی نوێنەرانی ئێمە کراوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەسەر ئەم داواکارییە، دیاری حوسێن ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردایەتییمان لە داواکارییەکە ئاگادار کردووەتەوە و گوتی، "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە. داواکە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و دانوستانی لەسەر دەکرێت، دواتریش پارتی بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت و بڕیاری گەڕانەوەش لەلایەن سەرکردایەتییەوە دەدرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی جەختی لە گرنگیی بەشداربوونی نوێنەرانی پارتی کردەوە و گوتی، "پارتی وەک هێزێکی کاریگەر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزە. بەشداریی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گرنگە، چونکە ئامانجی سەرەکیی نوێنەرانمان خزمەتکردنی خەڵکە و مەبەستمانە خزمەتی زیاتری کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بكەین."
قائید میرۆ




