ئەم هەڵمەتەی مانگەکانی ۷ و ۸ بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و مەڕوماڵاتە

هەولێر -KDP.info- بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، وەرزەکە دەبێتە لوتکەی چالاکبوونی گەنە و مێرووە زیانبەخشەکان. لەم چوارچێوەیەدا، تیمی ڤێتێرنەری هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوتان، ڕشاندن و شووشتنی مەڕوماڵات و تەویلەکانیان بە دەرمانی تایبەت دەست پێ دەکەن تاوەکو ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان بکرێت.
ئەم هەڵمەتەی مانگەکانی ۷ و ۸ بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و مەڕوماڵاتە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، کە چەند ئامانجێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، (ڕێگری لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون كە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە و لە ڕێگەی گەنە یان گۆشتی ئاژەڵی تووشبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لەبەر ئەوەی گەنە لە گەرمای هاویندا بە خێرایی گەشە دەکات، شووشتن و ڕشاندنی مەڕوماڵات دەبێتە ڕێگرێکی سەرەکی لە بەردەم بڵاوبوونەوەی، قڕکردنی مێرووە زیانبەخشەکان كە بەهۆی گەرماوە، حەشەراتەکانی وەک مێش و گەنە لە گەوڕ و حەوشەکاندا چەکەرە دەکەن و دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی لە نێوان ئاژەڵەکاندا و شووشتنەوەی مەڕوماڵات و تەوێڵەکان كە لەم پرۆسەیەدا، ئاژەڵەکان بە دەرمانی تایبەتی ڤێتێرنەری (وەک Deltamethrin یان Cypermethrin) دەڕشێندرێن. هاوکات دیوار و بنمیچی گەوڕ و شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵەکانیش دەڕشێندرێن تاوەکو هێلکە و گەنە شاراوەکان لەناو ببرێن.
مانگەکانی ٧ و ٨ بۆ ئەم هەڵمەتە هەڵبژێردراون، چونكە لوتکەی گەرمای هاوینە و لەم کاتەدا چالاکیی گەنە و مێرووەکان بەرزترین ئاست تۆمار دەکات.





