هێمن هەورامی لە لقی ١٢ی هەڵەبجە: سەرەڕای ئاستەنگەکان، ڕێکخستنەکانمان لە گەشەکردنی بەردەوامدان

سلێمانی-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. هێمن هەورامی سەردانی لقی ١٢ی ھەڵەبجەی کرد و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ کادرانی سنوورەکە، دواین پلانی کاری ڕێکخستنەکان و دۆخی سیاسییان تاوتوێ کرد.
د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، بە یاوەرانی یاریدەدەر و ئەندامانی بەشی ڕێکخستن و هەروەها یاریدەدەر، بەرپرس و ئەندامانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین، سەردانی لقی ١٢ی پارتیان کرد. لەلایەن د. محەممەد خورشید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٢ی ھەڵەبجە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکی فراواندا لەگەڵ کادر و بەرپرسانی ئۆرگانەکان، د. هێمن هەورامی دواین پلانی کار بۆ برەودان بە چۆنایەتی و چەندایەتیی ڕێکخستنەکان تاوتوێ کرد. هاوکات دەستخۆشی و پێزانینی ئاراستەی کادر و ھەڤاڵانی سنوورەکە کرد کە سەرەڕای فشار و ئاستەنگەکان، توانیویانە بەردەوام بن لە گەشەپێدانی جەماوەری و ڕێکخستنی پارتی لە ھەڵەبجە.
لە کۆتاییدا، هەورامی بەرچاو ڕوونیی پێویستی لەسەر دواین دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڤاڵان شی کردەوە، دواتر بەشداربووان بە پرسیار، سەرنج و پێشنیارەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و وەڵامی پێویستیان درایەوە.






