وەزیری تەندروستی لە سلێمانی: لە ساڵێک و نیودا زیاتر لە ٣٧ ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرج کراوە

سلێمانی-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێم نوێترین ئامارەکانی بودجەی تەرخانکراوی بۆ کەرتی شێرپەنجە خستە ڕوو؛ ئاشکرای کرد کە تەنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٥، بڕی ٢٥ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و ٣ ملیار دیناریش بۆ ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی تەرخان کراوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێترین ئامارەکانی بودجەی تەرخانکراوی بۆ کەرتی شێرپەنجە خستە ڕوو. وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەردانەکەیان بەدواداچوونی ڕەوشی دەرمان، ئامێر و پێداویستییە ڕۆژانەکانە، کە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە هەم بۆ سندوقی کۆمەک و هەم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
سەبارەت بە وردەکارییە داراییەکان، وەزیر ڕایگەیاند کە تەنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڕی ٢٥ ملیار دینار بۆ دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا و زیاتر لە ٣ ملیار دیناریش بۆ ئامێری پزیشکی دابین کراوە، هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ١٢ ملیار دیناری دیکە بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان خەرج کراوە. ئاشکراشی کرد کە بەرنامەیان هەیە پەرەی زیاتر بە سەنتەرەکانی شێرپەنجە بدەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشان. لە هەمان کاتدا باسی لە پڕۆژەیەکی ستراتیژی کرد کە لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف کاریان لەسەر کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئاوی پیسی نێو نەخۆشخانەکان، چونکە ئاوی نەخۆشخانە جیاوازە لە ئاوی ماڵان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر سامان بەرزنجی سوپاسی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد، بەتایبەت ڕێکخراوی مەلیک سەلمان کە بە بڕی نزیکەی ٥ ملیۆن دۆلار ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابین کردووە، و جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەمووان پاڵپشتیی دەروونی و ماددیی نەخۆشانی شێرپەنجە بن.
لە کۆتاییدا سوپاسی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە بودجەیەکی تایبەت و فراوانی بۆ سەنتەرەکانی شێرپەنجە تەرخان کردووە و ڕەزامەندیی داوە لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانە لە قەزا، ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، تاوتوێی بەهێزکردنی پاڵپشتییەکانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا کردووە.





