مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی کۆبوونەوەی ستافی لقی ٣ و لقی ٢٥ی ئەنجامدا

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ، (ھیوا ئەحمەد مستەفا) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەری ھەڤاڵ دیاری حسێن یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەب، دوو سەردان و کۆبوونەوەی ڕێکخستنی گرنگی بۆ ھەریەکە لە لقی ٣ی کەرکووک و لقی ٢٥ی دەوروبەری کەرکوک ئەنجامدا.
لە ھەردوو وێستگەی سەردانەکەدا، کە لەلایەن ھەڤاڵ سیروان سەید عاصی بەرپرسی لقی ٣ و ھەڤاڵ تەنیا تۆفیق بەرپرسی لقی ٢٥ و کارگێڕان و بەرپرسانی لیژنە ناوچەکانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، کۆبوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ ستافی ڕێکخستنی ھەردوو لق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی لەوانە ڕوون کردنەوەی ڕێنماییە نوێیەکان لەبارەی سیاسەتی ئێستای پارتی و داڕشتنی میکانیزمی گونجاو بۆ ھەنگاونان بەرەو داھاتوو و سەرنجدان لەسەر شێوازی کارکردنی لق، ناوچە و ڕێکخراوەکان و پەرەپێدانی جموجۆڵی ھەڤاڵان بۆ بەسەرکردنەوەی بەردەوامی دۆست، لایەنگران و کادیران و گفتوگۆکردن و ھەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی.
لە کۆتایی بەسەرکردنەوەکاندا، ھیوا ئەحمەد مستەفا پشتیوانی تەواوی خۆی و مەکتەبی ڕێکخستنی بۆ بەرپرسانی لق، ئەندامانی کارگێڕ، لیژنە ناوچەکان و ڕێکخراوەکان دەربڕی، بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتر لەژێر ڕابەرایەتی (جەنابی سەرۆک بارزانی) بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەرەکە.
لەلایەن خۆشیانەوە، ھەریەک لە ھەڤاڵان سیروان سەید عاصی و تەنیا تۆفیق، بەناوی خۆیان و تەواوی ستافی لقی ٣ و ٢٥، سوپاس و پێزانینی زۆریان بۆ ئەم سەردان و پشتیوانییە بەردەوامە دەربڕی و جەختیان لەسەر گرنگی خاڵە باسکراوەکان کردەوە، ھاوکات پێشنیاز و سەرنجەکانی خۆیان بەمەبەستی سەرخستنی زیاتری کارەکان خستەڕوو.





