هێمن هەورامی لە باڵەکایەتی: بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بەڵگەی پێشکەوتنی بەردەوامی ڕێکخستنەکانمانە

باڵەکایەتی-KDP.info- ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، سەردانی دەڤەری باڵەکایەتی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و سەربازیی ناوچەکە کۆبووەوە. لە سەردانەکەشیدا ڕایگەیاند، کە بەدەستهینانی زۆرترین دەنگی ناوچەی باڵەکایەتی لە لایەن پارتیەوە وەک هێزی براوەی یەکەمی چەندین هەڵبژاردن لەم دەڤەرە گرنگەدا ئاماژەی بەرەوپێشچوونی ڕێکخستنەکانمانە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە.
لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ئەرک و کارەکانی ڕێکخستن لە ئۆرگانە جیاجیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، د.هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لەگەڵ ھەڤاڵانی یاریدەدەر و ژمارەیەک لە ھەڤاڵانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، لە چۆمان سەردانی لقی ٢٦ی گوڵانیان کرد.

لە دیدارێکدا کە ھەڤاڵانی بەرپرس و کارگێڕانی لق، بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخستنی ناوچەکان، و بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخراوەکان ئامادە بوون، بە وردی دوایین دۆخی ڕێکخستن و ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ کاروبارە تەنزیمییەکانی سنووری لقی ٢٦ کرا و داتاکان خرانە ڕوو.

د.هێمن هەورامی لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە، لەسەر ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، ڕێکخستنەکانی پارتی لە باڵەکایەتی بەرەو پێشچوونی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە وەک ھێزی براوەی یەکەم لە دەڤەری باڵەکایەتی، ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن دەنگەکانی پارتی لە پێشەنگ بوون و بەرەو بەرزبوونەوە چوون.
ھەر ئەمڕۆ دووشەممە، لە حاجی ئۆمەران د.هێمن هەورامی سەردانی سیھاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی ھێزی پشتیوانیی یەکی کرد. لە دیدارێکدا لەسەر دوایین پێشھاتەکانی دەڤەرەکە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد، هاوکات هەورامی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێز سیھاد بارزانی کرد بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەدا، بۆ سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە گێڕاویانە.





