١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە باتیفا پەردە لەسەر وێنەی دوو شەهیدی قارەمان لادرا

سەرچاوە: KDP.info

​باتیفا-KDP.info- ئەمڕۆ، ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی عومەر ئۆرەیی، بەرپرسی لقی ٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کارگێڕانی لق، بە هاوکاریی لیژنەی ناوچەی باتیفا، پەردە لەسەر وێنەی دوو شەهیدی قارەمانی دەڤەرەکە (شەهید دکتۆر ئەحمەد حەجی حسێن) و (شەهید عەبدولڕەحمان حەجی حسێن) لادرا.

​له‌ ڕێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس و نوێنەرانی دامودەزگا حزبی و حکوومییەکان، کەسایەتییە ناودارەکانی ناوچەکە، پلەدارانی سەربازی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ئامادە بوون.

​لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، عومەر ئۆرەیی، بەرپرسی لقی ٨، وتاری لقی پێشکەش کرد. ئەو وێڕای دەربڕینی ڕێز و نەوازش بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، ڕایگەیاند،​"ئەم قارەمانانە ناسنامەی شەرەف و قوربانیدانی ئێمەن، لادانی پەردە لەسەر وێنەکانیان، نوێکردنەوەی پەیمانی ئەمەکداری و وەفادارییە بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر، لقی ٨ هەمیشە خۆی بە خزمەتکار و قەرزارباری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەزانێت."

​دواتر، وتاری کەسوکاری شەهیدان لەلایەن چیا ئەحمەد حەجی حسێن، کوڕی شەهیدەوە خوێندرایەوە. ناوبراو سوپاس و پێزانینی بنەماڵەکەیانی ئاراستەی خەمخۆریی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی ٨ کرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و ڕێزگرتنی بەردەوامیان لە پێگەی شەهیدان.

​لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن بەرپرسی لقی ٨ و بنەماڵەی شەهیدانەوە، پەردە لەسەر وێنەی هەردوو شەهیدی قارەمان لادرا.

هەواڵی پەیوەندیدار