١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە بۆ حیزبەکان: نوێنەرەکانتان بنێرنەوە پەرلەمان و کێشەکان چارەسەر بکەن

سەرچاوە: KDP.info

​ھەڵەبجە-KDP.info- ھاووڵاتییانی پارێزگای ھەڵەبجە داوا لە حیزبەکان دەکەن بەدەم پەیامەکەی ٢٧ـی حوزەیرانی پارتییەوە بچن، بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی، سیاسی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ بکەن و پەرلەمان، حکوومەت و سەرۆکایەتییەکی بەھێز دروست بکەن، لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی لە ھەڵبژاردندا بە خەڵکیان داوە.

​لەوبارەیەوە، ئەیوب عەنەبی، ھاووڵاتییەکی پارێزگای ھەڵەبجەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیامەکەی ٢٧ـی حوزەیرانی پارتی، سەرچاوەی دڵسۆزی و بەرپرسیارەتییە. ئێمە لە دۆخێکی زۆر ھەستیارداین و گۆڕانکارییەکان خێران، لەم کاتەدا دەبێت کورد خۆی ئامادە بکات تا لەم گۆڕانکارییانەدا پێگەیەکی جوگرافی، سیاسی و ئابووریی بەھێزی ھەبێت. ئەو لایەنانەی خۆیان بە بەرپرسیار و دڵسۆز بۆ نەتەوەی کورد دەزانن، دەبێت بەدەم پەیامەکەی پارتییەوە بچن. بەپێی دەنگ و کورسیی حزبەکان دەبێت بچنە پەرلەمان، گەل دەنگی زۆرینەی ڕەھای بە پارتی بەخشیووە. پارتی، وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، ھەموو ئەو تەحەدییانەی ڕووبەڕووی کوردستان بوونەوە، شانی دایەبەر و کوردستانی پاراست".

هاوکات، ​سەحەر سدیق، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لەگەڵ کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردن، ھەوڵی کاراکردنی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەیەکی بەھێزی حکوومەتی دا، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی ھەموو لایەنەکانی کرد. لەگەڵ بوونی دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانیدا، دیارە بەشێک لە لایەنەکان وەک پێویست وەڵامی ئەرێنییان نەبوو. پارتی ھەموو پرسەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کردووە و ئێستاش بێمنەتانە فەرموو لە حزبەکان دەکات وەرن لە پەرلەمان گفتوگۆی بنیاتنەرانە بکەین لە بەرژەوەندیی قەوارەی دەستووریی کوردستان، ئەوەی ھەیە جگە لە زیان، ھیچ قازانجێکی نە بۆ حیزبەکان و نە بۆ قەوارەی دەستووریی کوردستان تێدا نییە، بۆیە دەبێت ئەوان ئەرکی ئەخلاقی، نیشتمانی و مێژووییی خۆیان جێبەجێ بکەن".

هەروەها، ​شۆڕش والی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاراکردنەوەی پەرلەمان واتە کۆتاییھێنان بەو بۆشاییە یاسایی و سیاسییەی دروست بووە. پەرلەمان تاکە شوێنە کە نوێنەری ڕاستەوخۆی خەڵکە، بڕیارە گەورەکانی وەک بوودجە، چاکسازی و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لەوێ دەدرێن. دەنگدەر چاوەڕێی ئەوەیە نوێنەرەکەی بەرگری لە مافی بکات، کاتێک حزبێک کورسی لە پەرلەمان وەردەگرێت، واتە متمانەی بەشێک لە خەڵکی پێدراوە. بەپێی قورسایی و ژمارەی کورسییەکانی، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و سیاسی دەکەوێتە سەر شانیان. کارابوونی پەرلەمان واتە کارابوونی دەنگی خەڵک. پارتی وەک لایەنی براوەی یەکەم بە ٣٩ کورسی دەیەوێت پڕۆسەی سیاسی نەچەقێت. کێشەکان لە میدیاوە چارەسەر نابن، دەبێت ھەموو بڕۆنە ژێر چەتری پەرلەمان، لایەنەکان دەبێت باوەڕیان بەوە ھەبێت کە پەرلەمان شوێنی بڕیاردانی ڕاستەقینەیە".

​عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار