هندرێن ئەحمەد بۆ KDP.info: پەرلەمان کۆڵەکەی سیستەمی فیدراڵییە و بەیاننامەکەی (پارتی)یش دەستپێشخەرییەکی گەورەیە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە پەرلەمانی کوردستان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمە و پێویستە بە هەر هێز و بزاوتێک بێت کارا بکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەرییەکی گەورەیە و دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ دەربازبوونی هەرێم لە چەقبەستوویی سیاسی.
هندرێن ئەحمەد، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پەرلەمان مەرجەعی باڵای سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە. ئەو بڕیارەی پێشتر لەلایەن دادگای باڵای ئیتیحادییەوە دەرچوو، ئامانج لێی پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بوو. بۆیە گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ پەرلەمان، گەورەترین دەستکەوتە بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەی گەلەکەمان کە لە دەستووری عێراقدا گەرەنتی کراوە."
ئەو سەرکردە سیاسییە باسی لە مێژووی دامەزراندنی پەرلەمان کرد و گوتی، "یەکەم بڕیاری بەرەی کوردستانی لە ساڵی 1992 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بونیادنانی پەرلەمان بوو. لە ئێستاشدا، بەدەر لە هەموو جیاوازییە سیاسییەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ڕاپەڕاندنی ڕۆڵی چاودێری و پێداچوونەوە بەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی خەڵکدان، پێویستییەکی هەنووکەیییە."
هندرێن ئەحمەد تیشکی خستە سەر پەیامەکەی پارتی و ڕوونی کردەوە، "ناوەرۆکی بەیاننامەکەی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمان ببێتە چەترێک بۆ دانوستانی لایەنەکان، تەنانەت ئەگەر جیاوازی لە بۆچوونەکانیشیاندا هەبێت، پێویستە هێزە سیاسییەکان لە ماوەی 24 کاتژمێردا بۆچوونی خۆیان لەسەر پرۆژەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بخەنەڕوو.
ئەندامەكەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان دەشڵێ، "پەرلەمان دامەزراوەیەکی سادە نییە، بەڵکو کۆڵەکەی سیستەمی فیدراڵییە، و بەیاننامەکەی پارتی باشترین بنەمایە بۆ دەربازکردنی هەرێم لەم دۆخە سیاسییە چەقبەستووە.
قائید میرۆ




