هەولێر.. پەردە لەسەر پەیکەری جەنەڕاڵ شارل دو گۆل لادرا

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.6.18، لە ڕێورەسمێکدا، بە ئامادەبوونی بەڕێز سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی و، بەڕێزان فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و مەحموود محەمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕ و، بەرپرسانی حکوومی و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، کونسڵ و نێردەی وڵاتان، پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک و جەنەڕاڵی ناوداری فەڕەنسی (شارل دو گۆل ) لادرا.
لەڕێورەسمەکەدا تیشک خرایە سەر وێستگە مێژووییەکانی ژیانی ئەم سەرکردەیە و پێوەندییە دێرینەکانی لەگەڵ ڕێبەری نەتەوەیی کورد (بارزانی نەمر) و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و تیشک خرایە سەر دەقی ئەو نامە گرنگ و مێژووییەی کە ڕێبەری نەتەوەییمان (مستەفا بارزانی نەمر) لە ساڵی 1968دا ئاراستەی جەنەڕاڵ دو گۆلی کردبوو و ئەو مێژووە بەرز ڕاگیرا و ئەو هەنگاوەش وەک قۆناغێکی نوێیە لە بەهێزکردنی پێوەندییە فەرهەنگی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەڕەنسا، کە هەمیشە پاڵپشتێکی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بووە هەژمارکرا.
جگەی باسە، ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن دەزگای ڕوانگە بەهەماهەنگی کونسوڵخانەی گشتیی فەڕەنسا و پەیمانگای فەڕەنسی لە هەولێر ڕێکخرابوو.





