٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکیدا سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو جۆرە ھێرشانە بە ئیدانەکردن و تەلەفۆن و بروسکە و لیژنە چارەسەر نابن. دەسەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەکلایی بکەنەوە یان ئەوەتا رایبگەیێنن لە توانایاندا نییە رێگری لەو گرووپە لە یاسا بەدەرانە بکەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر ھێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بکەن.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ھەرێمی کوردستان ھیچ کات بەشێک نەبووە لەو کێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا ھەیە بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک خەڵک ھەن بە بێ ئەوەی کەس ڕێگرییان لێ بکات، تەرکیزی سەرەکییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەک دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن و ھەمیشە بەناھەقی پەلاماری ھەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە ھەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان.

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە موشەک پەلاماری ھەرێمی کوردستان و بارەگاکانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵکی بێگوناحیان شەھید و بریندار کردووە. لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێکراوە زیاتر لە ٤٥٠ جار بە موشەک و بە درۆن ھێرشیان کردۆتە سەر ھەرێمی کوردستان و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان. ھەر لەو ماوەیە پێنج جار ھێرشیان کردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ کردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش لە شاری دھۆک بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆکی ھەرێمیان داوە. بابەتەکە ماڵ یان بارەگای کەس نیە، ھەموو شوێنێکی کوردستان و ھەموو ماڵی کوردستانیان لای ئێمە بەھای ھەیە. 

ئەو جۆرە ھێرشانە شەڕفرۆشتنێکی ئاشکران و زوڵمێکی گەورە و زێدەڕۆیی و ناھەقیەکی گەورەن بەرانبەر ھەرێمی کوردستان و دەبێ چارەسەرێکی جددی و یەکلاکەوەرییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەکردن و تەلەفۆن و بروسکە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەکلایی بکەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن کە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بکەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر ھێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بکەن و ئیجرائاتی جددی بکەن کە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و ھێرشی ناڕەوا بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان.

لێردەدا دووپاتی دەکەینەوە، گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەکات و ھیچ ھەڕەشە و پەلامار و دوژمنێک نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشکێنێت.

 

مسعود بارزانی

٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار