٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کاک ئیدریس گوڵی خانەدانی بارزان

سەرچاوە: KDP.info

هۆشیار سیوەیلی

ئیدریس بارزانی، وەک هەژار موکریانی دەڵێت (گوڵی خانەدانی بارزان) بوو. ئەو لە گوندە سەربەرزەکەی بارزان و لە سەنگەری شۆڕشەکانی ١٩٤٣ و ١٩٤٥ی بارزان لە دایکبوو. زۆر بەسەر بڕینی (ناوکە پەتک)یدا تێناپەڕێت کە پەتکی سنوور دەبڕێت بەرەو بەشێکی تری کوردستان، بەرەو ژیانێکی نوێی تر لە سایەی کۆماری سەربەخۆی کوردستاندا. قەدەری کورد وابوە کە هێندەی پێناچێت، دوای لەناوچوونی کۆماری ساوا، ئەویش لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ئەندامانی تری خێزانەکەیدا بەرەو باشووری عێراق ڕاپێچدەکرێن و بۆ ماوەی ١١ ساڵ دوور لە مستەفا بارزانی باوکی و بارزان و کوردستان دەمێنێتەوە، هەروەک چۆن بارزانی باوک لە تەمەنی منداڵیدا لە بەندیخانەی عوسمانییەکان توندکرابوو. هەر گەڕان بە دوای سەربەخۆیی و ئازادیدا جارێکی تر کاروانی خەبات بەرەو هەمان ئەو بەشەی کوردستانی دەباتەوە، بەڵام ئەمجارە لە گوندێکی سەر سنوورە دەسکردەکە، کە هەمیشە ئاواتی نەهێشتنی بوو، بۆ دواجار و دوای ٤٣ ساڵ، لەبەر چاوان وون دەبێت، بەڵام لە ناو دڵاندا گەورەتر و پایەدارتر و خۆشەویستتر دەمێنێتەوە. 

شەهید ئیدریس بارزانی لەو ماوەیەی کە ئاوارە بوە لە بەغدا و باشووری عێراق، سەرقاڵی خوێندن و خۆ پەروەردەکردن بوە. سەرۆک مەسعود بارزانی، کە پێکەوە لە بەغدا لە قوتابخانەیەک بوون، دەڵێت زیرەکی ئەو لە هەموو وانە ئەدەبی و مرۆڤایەتییەکاندا (جێگەی سەرسوڕمانی مامۆستاکان بوو.) دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمربۆ بۆ بارزان و دەسپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەگەڕێتەوە بارزان و دەبێتە یەکێک لە کارێکتەر و سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی شۆڕش و جێگەی متمانەی بارزانی. سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)دا دەڵێت: 

دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی بوو، هەموو سیفاتی لەودا کۆبوبۆوە.

سەرەڕای سەرقاڵی بە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێشمەرگایەتییەوە، گرنگی زۆری بە خوێندنەوە داوە. سەرۆک نێچیروان بارزانی دەربارەی باوکی دەڵێت: 

شەوانە تا درەنگ دەیخوێندەوە و دەینوسی ھەردەم کتێبی پێ بوو متووی کتێب خوێندنەوە بوو تەنانەت لە ناو ئوتۆمبێلیشدا دەیخوێندەوە، وێڕای ماندووبوون و ئەرکی قورسی خەبات، خوالێخوشبوو و لایەنی و پێگەیاندنی ئێمەی فەرامۆش نەدەکرد، بۆ ئێمە بە کچ و کوڕەوە ھێژاترین مامۆستا بوو من ھەمیشە لەگەڵیدا بووم بەر لەوەی ماڵئاوایی بکا بە حەق وەکو دوو دۆستمان لێ ھاتبوو شەوانە بە یەکەوە کتێبمان دەخوێندەوە و گفتوگۆمان دەکرد.

کەسێکی بوێر و ڕاشکاو بوو. لە دوا خولی گفتوگۆکانی نێوان شۆڕش و حکوومەتی بەعس لە ساڵی ١٩٧٤ دا کە هەڵوێست و نییەتی حکوومەت زۆر خراپ و شەڕانگێز بوو، بۆ گفتوگۆ دەچێتە بەغدا، هەرچەندە لەو سەفەرە پڕ مەترسییە ئاگادار دەکرێت و ئەگەری لەناوبردنی هەبوو.

لە کۆنگرەی (نصرة الشعب العراقی) لە تاران لە ساڵی ١٩٨٦ دا شەهید ادریس بارزانی لە جیاتی هەموو حیزبە کوردستانییەکانی ئامادەبوو، وتار دەخوێنێتەوە. لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە پێداگری دەکەن کە ووتارەکەی گشتی بێت و باسی کوردی تێدانەکرێ، بەڵام ئەو سووردەبێت لەسەر باسکردنی هەموو ئەو زوڵمە مێژووییەی لە گەلی کوردستان کراوە و دەبێت مافەکانی لە عێراقی دوای سەدامدا جێگیر بکرێن. مامۆستا حامید گەوهەری لە کتێبی (ادریس مستەفا بارزانی و بارزانییەکان باشتر بناسن) لە زمانی خوالێخۆشبوو محەمەدی مەلا قادر دەگێرێتەوە و دەڵێت: دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە کاک نەوشیروان مستەفا و کاک دکتۆر فوئاد مەعسوم هاتن بۆ لای ئێمە، داوایانکرد بچینە لای کاک ادریس. من و کاک فازڵ میرانی و هەمیشە زیندوو فەلەکەدین کاکەیی لەگەڵیان چووینە لای کاک ادریس لە ژوورەکەی خۆی لە ئوتێلەکە. لەوێ کاک نەوشیروان زۆر بە ڕاشکاوی سوپاسی کاک ادریسی کرد و پێیگوت: "بەڕاستی کەم کەس هەیە لەم کاتانەدا بەو شێوەیە بەرگری لە مافی نەتەوایەتی کورد بکات، بۆیە وەک پێشمەرگەی خۆت حسابم بۆ بکە، بەڕاستی پێشتر من لە دوورەوە زۆر لە دژت بووم، بەڵام لە ئێستا بە دواوە بە پێچەوانەوە دەبم." 

لە چلەی شەهید ئیدریس لە لەندەن خوالێخۆشبوو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد یەکێک بوو لەوانەی دەربارەی ژیانی ئەو قسەی کرد و ووتی،  لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی جەزائر لە ٦ ی ئازاری ١٩٧٥، بارزانی لە تاران بوو. سەرکردەکانی شۆڕش لە ناویاندا کاک ئیدریس لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا بوون دەربارەی ئایندەی شۆڕش. هەبوون کە ئەیان ووت لەبەر ئەوەی بارزانی لە تارانە و لەبەر ژیانی ئەو تا گەڕانەوەی بڕیار لەسەر بەردەوامی شۆڕش نەدرێت، بەڵام کاک ئیدریس ووتی، ئەگەر بەرژەوەندی کورد لە بەردەوامی شۆڕشدایە دەبێت مەترسی لەسەر ژیانی بارزانی فەرامۆش بکرێت.

کاک ئیدریس دیپلۆمات و دانوستنکارێکی بە توانابوو. لە ساڵی ١٩٧٢ کاتێک ئیدارەی ئەمریکی ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هاوکاریکردنی کورد، ئەرکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەخرێتە ئەستۆی ئیدریس بارزانی. زۆبەی پەیوەندی و گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کاک ئیدریسەوە دەبێت. لە ساڵی ١٩٨١ شەهید موهەندیس عەبدوڵڵا گێرایەوە کە لە یەکێک لەسەردانەکانیدا بۆ لای ئایەتوڵا خامەنەئی کە ئەو کات ئیمام جومعەی تاران بوو، ئەویشی لەگەڵ خۆی بردووە. ئەو ووتی دوای قسەکانی کاک ئیدریس خامەنەئی هیندە سەرسام بوو بە ئاخافتن و زانیاری ڕاشکاوی لە دەربڕینەکانیدا، پێی ووت کە مەلا مستەفا بارزانی بە ئاسوودەیی سەری ناوەتەوە چونکە کوڕی وەک تۆی هەیە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی جڤاکییەوە، ئەو خەمخۆری سەرەکی بوو بە تایبەتی لە دوای نسکۆی ١٩٧٥ و نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری پێشمەرگە و خێزانەکانیان لە ئێران بە تایبەتی لە ساڵانی فەرمانڕەوایی محەمەد ڕەزا شادا. لەسەر ئاستی خێزانی و بنەماڵەیشدا ئەو مشورخۆر و ڕیشسپی بوو. بەڕێز مەسروور بارزانی لە لەندەن بۆی گێڕامەوە کە بەشێکی زۆری سەرپەرشتی خێزانەکەیان شەهید ئیدریس بوو. 

لەبەر ئەوەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا، بە تایبەتی لە ماوەی دەسپێکردنەوەی شۆڕش لە ئازاری ١٩٧٥ دا شەهید ئیدریس پشکی شێری ئەرک و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی شۆڕشی لە ئەستۆ بوو، بە شێکی زۆر لە کەموکوڕی شۆڕش و هۆکارەکانی نسکۆی شۆڕشی خرایە پاڵ. لەمەدا دوژمنانی کورد و ناحەز و نەیارەکانی ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو. زۆریش هەوڵدرا پەیوەندی برایەتی نێوان ئەو و سەرۆک مەسعود بارزانی تێکبدەن.  

من بۆ ماوەی یەک مانگ لە کۆتایی ساڵی ١٩٨١ لە خزمەتیا بووم. ڕاستە ئەو سەبیل یان پایپی دەکێشا و زۆر بەلەزەت و دیقەتەوە پایپەکەی پاکدەکردەوە و توتنی تێدەکرد و دوای چەند نەفەسێک سەرقاپێکی دەخستە سەر، بەڵام پێنەدەچوو کاریگەریی خراپی کردبێتە سەر تەندروستی. ئەوەی خێزان و کەسوکاری و هەڤاڵ و کەسە نزیکەکانیشی دەیانبینی هەرئەوەبوو، ئەوەش دیوی دەرەوە بوو. ئەوەی نەدەبینرا دیوی ناوەوە بوو. ئەو کۆڵێکی قورسی خەمی نیشتیمانی خستبوە سەرشانەکانی خۆی و قورسایی کۆڵەکەش شۆڕبوبۆوە بۆ دڵ و هەناوی. دڵێک یەکەمجار لە نێوان شۆڕشەکانی بارزاندا کەوتە لێدان و لە تەمەنی کەمتر لە دوو ساڵ کۆچێکی سەخت دەکات و لە تەمەنی چوار ساڵیدا بەرە و شار و کەشە نامۆکانی عەرەبستانی عێراق دوور دەخرێتەوە. دڵێک لە تەمەنی هەرزەکاریدا باوەش دەکات بە خەم و ئاواتەکانی شۆڕش دا و خەمەکانی نسکۆی شۆڕش نسکۆ بە ئاواتەکانی دەدەن. ئەو لەگەڵ وەستانی دڵی باوکیدا، خەمە گەورەکانی دڵی ڕیبەرێک کە ئاواتی ڕزگاری کوردستان بوو، لە دڵی خۆیدا جێ دەکاتەوە. دڵێک کە لە دەنگی هەموو فیشەکێکی براکوژیدا قرچەی لێهەڵدەستێ، دڵێک لەگەڵ فرمێسکی هەموو منداڵێکی باوک کوژراودا ئەویش فرمێسک دەڕێژێت. تەنیا دڵی گەورەی ئیدریس بارزانی بوو کە جێگەی ئەو هەموو ئاخ و داخ و ئۆخ و حەسرەتەی بۆ ماوەی ٤٣ ساڵ تێدا بووبێتەوە، بەڵام دواجار ئەو دڵە بەرگەی نەگرت و لە ٣١ ی کانوونی دوەمی ١٩٨٧ دا لە لێدان کەوت.

هەواڵی پەیوەندیدار