سەرۆک بارزانی: هەڵبژاردن ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات

ھەولێر-KDP.info- لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی ٢٧٥ لە یاریگەی فرەنسۆ ھەریری لە ھەولێر، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، ھەڵبژاردن ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا لە کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی ٢٧٥ لە یاریگەی فرەنسۆ ھەریری لە ھەولێر گوتی: خۆشحاڵیم وەسف ناکرێت کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام و ھەمووتان بەخێربێن سەرچاوان، ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەوەتەوە، بەم مەعنەویاتە بەرزەوە، ھەمیشە ئومێد بەخشە بۆ ئێمە.
سەرۆک بارزانی گوتی: ھەروەک ئاگادارن سێ چوار ڕۆژێکمان ماوە بۆ ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردن ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەلای ئێمەوە مەسەلەیەکی مەبدەئییە، ھەڵبژاردنی ئەمجارەش، ئێمە دەزانین گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکاندا نایەت چونکە پێشوەختە کورسییەکان دابەش کراون، بەڵام بەشداربووین لەبەر دوو ھۆی سەرەکی، یەکێکیان زۆر لە دۆستان و ھاوخەباتان لەناو عەرەبەکانیش، دۆستەکانمان لە دەرەوەش ھەموو داوایان کرد بەشداربین، ھەروەھا پەیامی زۆر ئەرێنمان لە دۆستانمان لە ھاوخەباتمان لە بەغدا کە ڕەنگە ئەم ھەڵبژاردنە، ڕاستە کورسییەکان ناگۆڕێت، بەڵام ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێنینەوە سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی، کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆیە ئێمە بەشداربووین، لەگەڵ ئەم دۆستانە، لەگەڵ ئەو دۆستانە و ھاوبیرانە کە وا بیر دەکەنەوە کە عێراق پێویستی بەوە ھەیە چاکسازیی بنەڕەتی تێدا بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و ھەموو ھەوڵێک دەدەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی گوتی: ھۆکاری دووەم لە بەشداریی ئێمە لە ھەڵبژاردنی عێراق، بۆ ئەوەی سەنگی پارتی نیشانی ھەموو لایەک بدرێت، گوتی: من داواتان لیدەکەم، ھەرچەند ئێوە پێویستتان بە ڕێنمایی کردن نییە، بەڵام دەنگ بدەن بە لیستی ٢٧٥، بۆ ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ ھەمووان.




