٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژ و کەسایەتییەکانی زاخۆ کۆبووەوە

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ھەینی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ سەرۆک مەسعود بارزانی لەشاری زاخۆ، لەگەڵ چین و توێژ و کەسایەتییانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش بەئامادەبووان کرد و دووپاتی کردەوە کە  زاخۆ دڵ و ڕوحی ئێمەیە و ئەم شارە قوربانییەکی زۆری بۆ ئازادی کوردستان و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش داوە، بۆیە خۆمان بە قەرزاری زاخۆ دەزانین و لەسەرمان پێویستە خزمەتی زاخۆ و ھەموو کوردستان بەبێ جیاوازی بکەین، بۆ زاخۆش ئەوەی کراوە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام دەبێت ھێشتا پتر خزمەت بکرێت، ئەو گۆڕانەی بەسەر زاخۆدا ھاتووە، لەگەڵ دووسال پێش زۆر بە جوانی دەبینرێت.

سەرۆک بارزانی لەسەر بابەتی ھەڵبژاردن لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێمە وەک پارتی باوەڕێکی مکوڕمان بە ھەڵبژاردن ھەیە و دەمانەوێت میللەت خۆی بریاڕ لە چارەنووسی خۆی بدات، لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانیش پارتی ھەر یەکەم بووە و ئەمجارەش ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان لەپێشە، دەمانەوێت ھێزی پارتی لەم ھەڵبژاردنە نیشانی ھەموو لایەک بدەین.

ھەروەھا سەرۆک بارزانی گوتی, دەمەوێ ھەموو لایەک بزانن، کە پیلانگێڕی لەسەر کوردستان بەردەوامە. ئەگەر جاران بە رێگەی سەربازی و شەڕ بوو، ھەنوکە لە ڕێگەی ماددەی ھۆشبەر و بێ ئومێدکردنی خەڵک و لاوازکردنی ئینتیما و بڕینی مووچە و ھەوڵدان بۆ برسیکردنە، ئەرکی ھەموولایەکمانە کە ڕێگە لەم جۆرە پیلانانە بگرین و ڕێگە نەدەین کۆمەڵگەی کوردستان بە ماددەی ھۆشبەر تووشی ھەڵتەکان و نائومێدی بکرێت. لەبارەی دۆخی سیاسیی و ئیداریی عێراقیشەوە گوتی: کاتی خۆی ھەموولایەکمان لە ساڵی ٢٠٠٢، لە لە کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆن لە لەندەن لەسەر سێ مەبدەئی زۆر گرنگ ڕێککەوتین، کە دەبێ عێراق بە ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا، دوای ھەوڵێکی زۆر دەستووری ھەمیشەیی عێراق ئامادەکرا و خەڵکی عێراق دەنگی لەسەردا، بەداخەوە دەستووریش وەک پێویست ئیلتیزامی پێنەکرا، بۆیە عێراق تووشی ئەو ھەموو کێشەیە بووەتەوە، ئێستاش و داھاتووش ئەگەر دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەو سێ مەبدەئە بەڕێوەنەچێت، کێشەکانی قەت چارەسەر نابن، چونکە مێژوو ئیسپاتی کردووە کە یەکلایەن ناتوانێت حوکمی عێراق بکات.

ھەرەوەھا لە وتەکەیدا سەرۆک بارزانی تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیلتیزاممان بەرامبەر میللەتی خۆمان و، بەرامبەر خوێنی شەھیدەکانمان، و بەرامبەر فرمێسکی دایکی شەھیدەکانمان و بەرامبەر خەبات و قوربانیدان پێشمەرگەکانمان ھەیە. سەرۆک بارزانی گوتی، پارتی کار بۆ ئێستا و ئایندەی ئەم میللەتە دەکات، جگە لەبەرەڤانیی مەیدانی و سیاسی، بەجددی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و ڕێگە و بان و ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و ئاودێری، کار دەکەین.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە کولتووری دەوڵەمەندی پێکەوەژیان دا و ڕایگەیاند کوردستان موڵکی ھەموو پێکھاتەکانە و دەبێ ئەو فەرھەنگە دەوڵەمەندە بپارێزرێ. ھەر پەیوەست بە بابەتی پێکەوەژیان و چارەنووسی ھاوبەش، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە نموونەیەکی مێژوویی لەکاتی ئەنفالی بارزانییەکان دا، کە چەند کەسێکی گوندێکی بێدیال کە گوندێکی مەسیحیی ئاشوورییەکانە لەگەڵ ڕەشبگیرییەکەی ئەنفال لە دەڤەری بارزان دەستگیر کرابوون، بەرپرسی ئەمنیی ئەو ڕەشبگیرییە بەوانی ڕاگەیاندبوو کە ئیوە مەسیحین و بڕۆن ئازادن، بەڵام ئەوان گوتیانبوو ئێمەش بارزانین و چارەنووسمان لەگەڵ بارزانییەکان یەکە، ئەوە بوو ئەوانیش لەگەڵ بارزانییەکان ئەنفال کران. ھەرەوەھا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئومێدمان زۆرە بەپشتیوانی میللەتی خۆمان بەردەوام دەبین و دەبێت کوردستان یەک ھەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکومەت و یەک ھێزی پێشمەرگەی ھەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار