سەرۆك بارزانی سەردانی قشڵەی کۆنی زاخۆی کرد

زاخۆ-KDP.info- سەرۆك بارزانی سەردانی بازاڕی کۆنی زاخۆی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە جوانی و ئاوەدانیی زاخۆ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا"خەڵكی زاخۆ شایەنی ئەم خزمەتەن کە بۆیان کراوە".
ئێوارەی ڕۆژی ھەینی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ سەرۆک بارزانی سەردانی بازاڕی کۆنی زاخۆی کرد و لەوێڕا بەسەر قشڵەی زاخۆی کۆن کەوت و ھەروەھا چاوی بە کۆڕنیشی زاخۆ کەوت.
قشڵەی زاخۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ھەزار و سەت و بیست ساڵ، ئەم شوێنە لە سەردەمی ڕژێمی لە ناوچوو بۆ ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ھاوڵاتیانی سڤیل بەکار دەھات، ئێستاش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوازی کولتووریی قشڵەی کۆنی زاخۆی نۆژەن کردووەتەوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و ھەزاران کەس بۆ بینینی سەردانی زاخۆ دەکەن.
سەرۆک بارزانی لەم بەسەرکردنەوەیەدا خۆشحاڵیی خۆی بە جوانی و ئاوەدانیی زاخۆ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، "خەڵکی زاخۆ شایەنی ئەم خزمەتەن کە بۆیانکراوە، دواتر سەرۆک بارزانی سەردانی گوندی سپی کرد و دیمەنی زاخۆی لە بەرزاییەکانەوە بینی و ھەروەھا چاوی بە ژمارەیەک ھاوڵاتی کەوت کە سەردانی زاخۆیان کردووە و، وێنەی لەگەڵ بەشێک لە ھاوڵاتیان دا گرت.






