٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژەکانی نەینەوا و شنگال کۆبووەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شاری دھۆک، سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژەکانی نەینەوا و شنگال کۆبووەوە . سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و رایگەیاند: بە نسبەت ئێمە نەینەوا و شاری موسڵ بە دانیشتوان و خاکەکەی گرنگیی تایبەتیی ھەیە و ئەمە درێژکراوەیە بۆ ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر و بە پێچەوانەشەوە. ھەروەھا ئاماژەشی بە پەیوەندییە مێژووییەکان کرد و لە ڕووی پێکەوەژیان نەینەوای بە عێراقێکی بچووکراوە وەسف کرد. 

لەبارەی شەڕی دژی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی نەینەوا و شنگال سەرۆک بارزانی رایگەیاند: ئەوەمان بینیی کە لە ناوچەکە ڕوویدا و بینیتان چۆن پێشمەرگە بەرگری لە ھەموو پێکھاتەکان کرد و لە پێناو بەرگریکردن لە بەھا و روحی ھاووڵاتییان لە نەینەوا و دھۆک و تەواوی ناوچەکانی دیکە گیانیان بەخشی . پێشمەرگە ١٢ ھەزار شەھید و برینداری لە شەڕی دژی داعش دا.

ھەروەھا لەبارەی رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە بەھاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو و ستەمدیدە سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە: ھەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ ھەموو ھاووڵاتییان بێ جیاوازی و ھەر بە پەناگە بۆ ھەموو ھاووڵاتییەکی عێراقی بێ جیاوازی دەمێنێتەوە .

ھەر لە وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا :داعش تاوانی دڕندانەی ئەنجام دا و زیانی بە دۆخەکە و برایەتی و پێکەوەژیان گەیاند، بەڵام بە ھەوڵی دڵسۆزان لە ھەموو ئایین و مەزھەبەکان و نەتەوەکان ئەو کۆستە تێپەڕێنرا . دووپاتیشی کردەوە ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵات شتێکە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی گەل شتێکی دیکەیە و نابێت ھیچ دۆخێک کاریگەریی بکاتە سەر ئەو پەیوەندییە پیرۆزە . 

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ھیوای خواست ئەم ھەڵبژاردنە دەرەنجامێکی جیاوازی لەچاو ھەڵبژاردنەکانی پێشوو لێبکەوێتەوە و ھاوکار بێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە سەر ڕاستەڕێی خۆی و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە دەستوور و پابەندبوون بە ھەرسێ بنەمای ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان.

لەبارەی دەستووری عێراقیش، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە: دەستوور ماف و ئەرکەکانی دیاریکردووە و بەشی ئەوەی تێدایە کە پشتگیریی ئەم دەستوورە بکەین و شانازیی پێوەبکەین . 

لەبارەی ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستوور کە پەیوەستن بە بابەتی نەوت و گاز لە عێراق سەرۆک بارزانی ڕوونکردنەوەی پێویستی خستەڕوو و جەختی کردەوە: پێویستە بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و ئەگەر ئەوان بڵێن نە فیدراڵی و نە دەستوور و نە ھەرێم ھەبێت، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک دیکتاتۆریەت رەتدەکەینەوە . 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە کاندیدانی پارتی راسپاردووە ھەر نوێنەری ھەرێم نەبن بەڵکو نوێنەرایەتیی ھەموو عێراق و پێکھاتەکان بکەن . باسیشی لە سەردەمی شۆڕشی‌ ئەیلول کرد و گوتی: ھیچ رۆژێک و ھیچ جارێک پەنامان بۆ ھیچ کردەوەیەک نەبرد کە ھاووڵاتیی عێراق ئازار بدات لە ھیچ شارێکی عێراقی لە باشووری عێراق تا باکوور .

لە کۆتاییشدا سەرۆک بارزانی بە ئامادەبووان و خەڵکی نەینەوا و شنگالی راگەیاند دەنگ بەو لایەنە بەو کەسە بدەن کە خزمەتتان دەکات و وای دەبینن کە دەتوانێت بەرگری لە مافەکانتان بکات ، ئەمە بۆ ئێوە جێھێڵدراوە و ئازادیی تەواوتان ھەیە . دووپاتیشی کردەوە گوێ نادەینە ھێندێک لەو کەسانەی کە ھەڕەشەیان کردووە و ئەمە تای ھەڵبژاردنە و ھیچ نرخێکیان نییە، چونکە دەزانین نوێنەرایەتیی ڕای ھاووڵاتییان ناکەن بە تایبەت ڕای شەقامی عەرەبی.

هەواڵی پەیوەندیدار