ترسی سیاسی

فازڵ میرانی
بەرلەوەی ئەم وشەیە بچەسپێندرێت و بۆ ئەوەی هەبوونی وشەكەش بسەلمێندرێت، پێویستە لێكۆڵینەوە لە بنەما و ڕەگوڕیشەكەی بكرێت، چونكە ئەم وشەیە پێشینەیەكی ژیاری لەلای هەموو ئەو بوونەوەرانە هەیە، كە ترسیان وەك بۆماوەیی بۆ ماوەتەوە، بۆیە خۆیان لە ترس بەدوور دەگرن و ئەگەریش بتوانن ڕێگەیەک یان شێوازێک بۆ دوورکەوتنەوە لەم ترسە دەدۆزنەوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکە توانای دەربڕینی هەیە، كەسێكی وریا و بەئاگا لە بارودۆخەكان، ڕەنگە توانای حیسابکردنی ئەو هێزەشی هەبێت، کە لێی دەترسێت. ئەمەیش پێشكەوتنە لە بیرکردنەوە و شێوازی ئەو كردارەی كە خۆی پێ دەپارێزێت، كردارەكەیش تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ئایین و لقەکانیشیان هەر هەبووە. بۆ ئەوەی تێگەیشتنی خوێنەران لەبارەی ئەم زاراوەیە نەگۆڕێت بۆ چینێكی دیاریكراو و حیساباتی فیكری لەسەر ڕەوایەتی و نەبوونی نەكرێت و ئایا ئەوە دەرفەتێکە لەسەر بنەمای دەرەنجامێكی تائیفی لەناو ئایینێکی دیاریکراودا، چونكە ململانێ و زۆرەملێ و دەرفەت شێوازێکی کۆنی مرۆڤایەتییە.
ئەم زاراوە قووڵە، ناونیشانەكەی هاوشێوەی کورتکراوە دەستوورییەكانە، واتا حەشاردانی ئەوەی لێی دەترسێت و خستنەڕووی ئەوەی کە ترسێنراوەکەی پێ ئیستفزاز ناکرێت، ئەمەیش تایبەت نییە بە هیچ چین و توێژێکی نەتەوەیی و سەردەم و تەمەنێكی دیاریكراو، بەڵكو لە هەموو ململانێیەکدا ئامادەیە کە پێویستی بە سیاسەتێکی تاکەکەسی هەیە، ئینجا خۆڕسكانە یان ئاراستەکراو بێت لە چوارچێوەی تەکتیک یان ستراتیژییەتێکدا، بۆ ئەوەی بەهێزەکان زاڵ نەبن بەسەر ئەوانەی هێزیان كەمترە، بێگومان ئەنجامدەرەكەیش ئەوەی دووەمیانە.
دەبێت دوو فاکتەری گرنگ لەبەرچاو بگیرێن: یەکەمیان: لە ئەگەری نەمانی ئەو بارودۆخەی کە "ترس" دەیخوازێت، (لێرەدا بە شێوەیەکی سیاسی قسە دەکەم) بەردەوامبوون سەرەڕای ئەوەی لایەنی کەمهێز چیتر لە ژێر کاریگەریی لایەنی بەهێزتردا نییە. دووەم: بەكاربردنی سیاسییانە لەلایەن بزووتنەوەیەکەوە، کە لەژێر دروشمێكی ڕۆحیدا سیاسەت دەکات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەگۆڕێت بۆ نەرمكردنەوە نەک هێوركردنەوە و نەرمكردنەوەیش ئاماژە نییە بۆ پاکیەتی بكەرەكەی، بە پێچەوانەی هێوركردنەوە کە نزیکە لە ئاشتەوایی.
ئەوەی لێرەدا شایەنی تێگەیشتنە ئەوەیە کە ترسی سیاسی خۆی پارێزەرێكە بۆ دوورکەوتنەوە لە لاوازیی و پاڵنەرێکیشە بۆ تاک و گرووپەکان، بۆ ئەوەی کار بکەن بۆ نەهێشتنی ئەوەی کە گوایە هێزێکی بەهێز و ستەمکار نابێت بگۆڕدرێت و ببێتە پەردەیەك بۆ پەردەپۆشكردنی بەرپرسیارێتی چینێک یان چەند چینێكی خەڵك.
سەیر نییە کە خەڵک سەرنج و گرنگی پێ بدەن یان بەرهەڵستی لێ بكەن، گۆڕانكاری لە ئاشتیخوازی و ئاشتەواییەوە بۆ دوژمنكاریی و دوژمنایەتی، هەرەوەهاش بە پێچەوانەوە، لە نێوان زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیەی ململانێ لەسەر بڕیار و حوكمڕانی دەكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ پلانەکان و گونجانی هەر بەرنامەیەک لەگەڵ دەستکەوتی قەوارەیەکی دیاریکراو، بۆ ئەو کەسانە دەردەکەوێت کە دەیانەوێت دان بە کەسانی دیکەدا بنێن و شایەتحاڵی بێلایەنی سەرکەوتنەکەی بن، واتا سەرکەوتنەکەی بۆ جەماوەرەكەی بێت.
پێوەری سەرکەوتن لە بارودۆخی ئێستادا، ماددەكانی دەستوورە، بە تایبەتیش ئەوانەی پەیوەستن بە دەسەڵاتەکانی حکوومەت و ئەوەی پەیوەندی بە بنیاتنانی تاكەكانی هاونیشتیمانیانەوە هەیە، کە ئەوەیش وا دەکات هەست بە ئەمنیەت و ئارامی بکات، ئەمنیەت لە دەرمان و خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون و پەروەردە و فێربوونیدا، چ لە ئێستا و چ ئاییندە و داهاتوویدا. هەروەها کەی مرۆڤ سوود لەو ئیمتیازانە وەردەگرێت کە عەقڵ لێی تێدەگات و کەی ئەم ئیمتیازانە نامێنن.
بەو پێیەی بڕیارە جیاكردنەوەیەك هەبێت، کە گرێبەستێكی دەستووری لە جەوهەری ناوەوەی دەستوورەكەدا هەبێت، ئەو ڕاستییە دێتە پێشەوە، کە ئامانج لە ترسی سیاسی ئامانجێکی بەرزە، ئامانجێکە کە سوود بە تاك دەگەیەنێت و دەیپارێزێت لەو زیانانەی کە ستەمكار پێی دەگەیەنێت. ئەگەرنا بنەماکە دەبێتە ناوەڕۆکێکی نەخوازراو، کە عەقڵێکی زیرەک، ویژدانێکی تەندروست، دەقێکی ڕێزدار، یان هەوڵێک کە خۆی لە گومان دەپارێزێت، قبوڵی ناکات.
بازدان بەسەر لاوازییەكاندا پێویستە، گۆڕانیش بۆ هێزێکی باشتر، یەكێك لە بنەماكانی حوکمڕانییەكی باشە.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن




