سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە سەلاحەدین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا ھاریس ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە خاتوو گوێندڵن گرین کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەولێر ئامادەی بوو، ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق جەختی لە پەیامی دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، ئەمەریکا خوازیاری کوردستانێکی بەھێزە و بەھێزیی کوردستانیش لە قازانجی سەقامگیریی عێراقە.
ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەمەریکا پاڵپشتی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمە و پشتیوانی لە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێم دەکات و ناکرێ بابەتی پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆرانی ھەرێم ھەر بەردەوام بێت و پێویستە چارەسەر بکرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق باسی لە ئەزموونی سەرکەوتووی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و کارەبا کرد و وەک نموونەیەک بۆ بەشەکانی تری عێراقی لە قەڵەم دا.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش، ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە سەروەریی عێراق بپارێزرێ و ڕێگە لە دەستوەردان لە کاروباری عێراق بگیرێت.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی ھەڵوێستی ئەمەریکای کرد لە یارمەتیدانی گەلانی عێراق و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان. سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراقیش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە بەداخەوە دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنەکان نەبوون و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی گرفتەکان.
سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە عێراق، جەختیشی لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینە گەڕانەوەیە بۆ یاسای یەک بازنەیی بۆ ئەوەی لە گونجانی ژمارەی کورسی لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووان دادپەروەری ھەبێت.
بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.





