چاکسازی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق خوێندنەوەیەکی دەستووری و بەرپرسیارییەتێكی نیشتمانی

فازڵ میرانی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 11ـی نۆڤەمبەری 2025ـدا، دەرفەتێكی دەگمەن بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراق ڕەخساوە، لەپێناو سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە تەواوی سیستەمی هەڵبژاردن بەگشتی، نەک تەنیا وەکوو پرۆسەیەکی تەکنیکی دووبارەبووەوە، بەڵکوو وەک ئامرازێکی بنەڕەتیی دەستووری بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پاراستنی فرەیی و چەسپاندنی متمانە و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکە.
ئەزموونەكانی ڕابردوو ئەوەیان دەرخستووە کە قەیرانەكانی عێراق بە هەمیشەیی لە دەقەکاندا نەبووە، بەڵکوو لە چۆنیەتی تێگەیشتن و جێبەجێکردنیان بووە.
دەستوور بە سیفەتی ئەوەی كە مەرجەعی حوكمڕانیی ژیانی سیاسی بووە لە وڵاتەكە، ئەوەی نەكردووە كە پێویست بووە بكرێت، بەڵکوو هەندێک جار کەوتووهتە ژێر كاریگەریی شیكردنەوە و لێکدانەوەیەكی بەرتەسك، یاخود هەڵاوێردكردنێكی بەرژەوەندیخوازانە، یان پەكخستنێكی بە ئەنقەست کە ئەوەیش بووەتە هۆی چەند جەڵتەیەكی بەهێز و بەشێكی سیستەمی سیاسی و هەندێك جاریش كۆی سیستەمەكەی ئیفلیج كردووە.
لێرەدا پێداچوونەوەیەکی پێویست و هۆشیارانەی دەستووری دەردەكەوێت کە هێزە سیاسی و سەندیکاییەكان و دەزگه ئەکادیمییەکان بۆ تێگەیشتن لە سەرکەوتن و شکستەکانی جێبەجێکردنیدا تیایدا بەشدار بن، نەک تەنیا بۆ پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی دەقەکان. ئێمە پێویستیمان بە هەڵوەستەیەكی نەتەوەیی ڕاشکاوانە هەیە كە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆمانی بكەینەوە، چونکە ڕێزگرتن لە دەستوور هەڵبژاردەیەكی سیاسی نییە، بەڵکوو بنەمایەكە بۆ شەرعییەت.
گرنگە لەبیرمان بێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای تایبەتمەندییەكەی لە دامەزراندن و هەیکەلیەتی دامەزراوەییەوە، پێش سیستەمی حوكمڕانیی عیراق كەوتووە، كە دوای 2003 دروست بووە، چونكە دامەزراوەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن، نموونەیەكی سەرەتایی حوکمڕانیی ناوخۆیی بووە کە لەسەر بنەمای شەرعیەتی جەماوەری و دەستووری دامەزراوە. ئەم ئەزموونە کە بە قوربانیدان و تێكۆشانی درێژخایەن دروست بووە، ناتوانرێت لە ڕێڕەوی گشتیی عێراق داببڕێندرێت، بەڵکوو دەبێت لە هەر پێداچوونەوەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ سیستەمی حوکمڕانی و هەڵبژاردن، سوودی لێ وەربگیرێت.
ناكرێت دیموكراسییەت تەنیا لە ساتەوەختی دەنگدان كورت بكرێتەوە، بەڵكوو لێپرسینەوە و ڕاشكاوی، پێداچوونەوەی شەفافانەی ئەدای کارکردن، توخمگەلێكن هیچیان كەمتر نییە لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، هەر لە پەرلەمانەوە تا حکوومەت، كە دەخوازرێت وەك هەژمارێكی ڕوون و ئاشكرا بخرێتە بەردەم میللەت. کاتی ئەوە هاتووە گوتاری سیاسیی واز لە پاساوهێنانەوە بۆ شکەست بهێنێت و سەردەمێکی ڕاشكاوانەی پراکتیکی دەست پێ بکات، ئەوەیش نەک بە دروشمی بەتاڵ یان هەڵمەتی چەواشەکاری.
پێش هەڵبژاردن دەبێت پرسیارێکی جەوهەری بکرێت: ئایا ئێمە هەڵبژاردنێكمان دەوێت كە ئەنجومەنێكی بەهێزی نوێنەرانمان هەبێت و بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات؟ یان تەنیا بەدوای ئەوەوەین كە ناوەکان بگۆڕین و کورسییەکان پڕ بکەینەوە؟ تێگەیشتن لە مانای «نوێنەرایەتی پەرلەمان» دەبێت پێش دەنگدان بێت، نەک دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردن. نوێنەر تەنیا ئەوە نییە دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵكوو متمانەپێكراوە بۆ ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردنیشی پێ سپێردراوە کە ئەوانە بەرگەی تێكەڵاوكردن ناگرن.
هەروەها دەنگدەر تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵكوو بەرپرسیارە لە هەڵبژاردنەکانی و بەشدارێکی چالاکە لە داڕشتنی واقیعی سیاسی. پاڵێوراویش دەبێت بە ڕوونی بەرنامەی كار و سەرچاوەی دارایی و هەڵسوکەوت و هۆشیاری دەستووریی خۆی ئاشكرا بكات، ناكرێت نوێنەر دوای سوێندخواردنی دەستووری فێری دەستوور بكرێت، یان ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆی درەنگ بخاتەڕوو.
هەروەهاش جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان شتێکی یاسایی تەرفیهی نییە، بەڵكوو بەردی بناغەی هەر سیستەمێکی دیموکراسییە كە نەبوونی ئەم پرەنسیپە بووەتە هۆی دروستبوونی چینێکی سیاسی سوودمەند لە ئاژاوەگێڕی و بەهۆی ئەوەیشەوە شکۆمەندیی دامەزراوەکان دابەزیوە و تێكەڵاوییەك لە نێوان پلە و ئەركەكان سەریهەڵداوە و زێدەڕۆیی و كەمتەرخەمی و سەرپێچی بڵاوبووهتەوە. جیاکردنەوەی ڕوون و ڕاشكاوانەی دەسەڵاتەکان سیستەمەکە لە داڕووخان دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لە گۆڕینی دەوڵەت بۆ قەوارەی دژبەیەکتر کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بەرتەسكەكان دەکەن.
ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم چركەساتێکدایە کە پێویستی بە ئازایەتی لە بڕیاردان و ڕوونیی دیدوبۆچوون و نیەتپاكی هەیە. چاکسازی لە هەڵبژاردنەکاندا هەنگاوێکی پەراوێزخراو نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پڕۆژەیەک بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، دەوڵەتێك کە ڕێز لە دەستوورەکەی خۆی بگرێت و باوەڕی بە فرەیی هەبێت و هەموو پێکهاتەکانی بەبێ پەراوێزخستن و جیاکاری بەشداری تیادا بكەن.
ئەوەی پێویستمانە هەڵبژاردنێكە، لە هۆشیارییەوە سەرچاوەی گرتبێت و ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرێت و نوێنەری ڕاستەقینە لە پەرلەمانێکدا بەرهەم بهێنێت کە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و دەستوور بپارێزێت، بەبێ ئەوەی سازشی لەسەر بکات.
بهرپرسی دهستهی كارگێریی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن




