دوو دیمەنی جیاواز

عارف ڕوشدی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی هێژا مەسروور بارزانی، لە کوششی بەردەوامدایە، لە پێناوی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی سەرفرازانە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە سەرجەم سێکتەرەکاندا؛ (ڕێگاوبانی سەردەمیانە، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هەزاران کەس، بەبازاڕکردنی بەروبوومی جووتیاران، دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و گەشتوگوزار)، سەرەڕای شەونخونی لە کارکردنی بێوچان لە بواری بنبڕکردنی بیانووەکانی بەغدا و وەدەستهێنانی بودجە و مووچەی مووچەخورانی کوردستان.
لەبەرامبەردا؛ دەستەو گرووپی نابەرپرسیار، دوور لە هەستی ڕێزگرتن لە گەل و نیشتیمان، لە هەندێ ناوچەی کوردستاندا، لە هەوڵدان دڵەڕاوکێ و شڵەژان وەبەرهەمبێنن، لە ژێر چەتری (نەبوونی مووچە)، لە کاتێکدا کۆمەڵانی خەڵک ئاگادارن، حکوومەت خەمخورانە لە ململانێیەکی دژواردایە لە گەڵ بەغدا لەو بوارەدا، بۆیە دەتوانین ڕاستییەک ڕونکەینەوە.
حکوومەت و زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی سەرفرازی کوردستان لە بەرەی ژیان و پاراستنی ئازادی گەل و نیشتیماندان، لە بەرامبەردا دەستەو گرووپێک سەرقاڵی چاندنی تۆی پەرتەوازەیی و دڵخۆشکردنی نەیاراندان.
بەڵام لە کوتاییدا، چونکە جەماوەر خاوەن ویژدان و سۆز و پەیمانە، واقعبینانە لە ڕووداوەکان دەڕوانێ، بۆیە هاتوو هەرای ناحەزان ناتوانێ ڕاستییەکان لێڵ بکەن، هەمیشە سەرکەوتن بۆ گەل و نیشتیمان و ئازادیخوازانی ڕاستەقینە دەبێت.




