٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ڕۆژێکی جیاواز لە پاریس بۆ کورد

سەرچاوە: KDP.info

تاڤگە عومەر

ئەگەر لە چاوێکی نیشتمانیەوە تەماشای ئەمڕۆی پاریس بکەین ئەتوانم بڵێم بۆ کورد ئەمڕۆ جیاواز بوو، فەڕەنسیەکان لە سەردەمی سەرۆک ئۆزال و دایکە میترانەوە گەرمتر دۆستایەتی کورد و نیشتمانەکەی دەکەن، جوانترین هاوهەڵویستی فەڕەنسیەکان بەرامبەر کورد ئەوەیە بە گۆڕینی دەسەڵاتەکانی حوکمرانی سیاسەتی ئەو وڵاتە ناگۆڕێت بەڵکو دۆستایەتیەکان بەشێوەی زنجیرەیی بەردەوام دەبێت، هەروەکو ئەمڕۆش سەرۆک بارزانی فەرمووی (دۆستایەتی ئێمە و فەڕەنسا بە گۆڕینی دەسەڵات هەمیشە بەردەوام بووە). دۆستایەتی مێژوویی نێوان فەڕەنسا و کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکانی سەدەی پێشوو کاتێک کۆمەڵە قوتابیەکی فەڕەنسا تێزی دکتۆراکەیان لەسەر شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەبێت.

لە پاش کۆڕەوەکەی ساڵی (١٩٩١) و لە کاتێکی سەخت بۆ هەموو خەڵکی کوردستانی باشوور، فەڕەنسیەکان دەبنە ئەندازیاری دەرچوونی بڕیاری (٩٨٦) کە ئەم بڕیارەش ناوچەی دژی فڕینی لەسەر هێڵی (٣٦) بۆ ئێمەی کورد کردە بڕیارێکی نێودەوڵەتی و ڕێگەی لە کومەڵ کوژی کورد گرت، لە ئاسمانەوە و لە ڕێگه‌ی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسەوە.

بێرنارد کۆشنێر دۆستە هەمیشەییەکەی کورد لەکاتی بەرخودانی پێشمەرگە و گەرمەی شۆڕشی ئەیلول یارمەتی پزیشکی گەیاندە شۆڕش کە لەو سەردەمەدا تەنها چیاکان  دۆستی گەلی کورد و  شۆڕشەکەی بوون.

سەردانی دایکە (دانیاڵ میتران)  ئەو ژنەی بە دایکی کوردان لە ئەدەبیاتی کوردا  ناوێکی جوانە لە ساڵی (١٩٩١) و دوای کۆڕەوە مێژوویه‌کەی کوردستان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک بارزانی وەرچەرخانێکی مێژووی بوو بۆ کوردستان لە شاخەوە بۆ  شار و بووە دەسپێکی قۆناغیکی نوێتر لە دۆستایەتی  نێوان کورد و  فەڕەنسیەکان و دیبلۆماسیەتی کوردی.

فەڕەنسیەکان لەشەڕی داعش باشترین جۆری هاوکاری لۆجیستی خۆیان گەیاندە پێشمەرگە و لە شەڕی  دژی  داعش لە ئاسمانەوە پاڵپشتی پێشمەرگە بوون.

جیا لەوەی فەڕەنسا کونسڵخانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتێکی ئەوروپیش بۆ هەرێمی کوردستان سەرۆکی فەڕەنسا  سەرۆک (فرانسوا ئۆلاند) بوو لەساڵی (٢٠١٧) کە پێکەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە میحوەرەکاندا بەسەر کردەوە.

لەپاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستانیش فەڕەنسیەکان جارێکی دیکە سەلماندیانەوە لە کوێدا کورد پێوستی بە دۆستەکەی بێت ئەوان دەرگایەکی کراوەن، پاش ئەوەی لە هەموو لایه‌كه‌وه‌ پەلاماری کیانی دەستووری هەرێم درا، بەڵام سەرۆک ماکرۆن لە کۆشکی ئالیزا پێشوزای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤانی بارزانی) کرد و  دەرگا داخراوەکان بەڕوی هەرێمدا جارێکی کە کرانەوە، ئەمەی باسکرا مشتێکە لە خەرمانی پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی نێوان گەلانی کوردستان و فەڕەنسیەکان ئەوەی ئەمڕۆش ڕویدا لە ناو دڵی پاریس دا دەبێتە شانازیەکی مێژووی و داهاتویەکی گرینگ بۆ پەیوەندیەکان، ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) تەنها  ڕێکەوتێک نەبوو لەم کاتەدا بەڵکو سەرۆک مەسعود بارزانی سبموڵی ئازادی و فەخری بەرخودان و پێشمەرگەیە، ئامادەبوونی تەنها وەکو سەکردەیەکی سیاسی نەبوو بەڵکو رەمزێک بوو بۆ خەباتی سەدەیەک لە خەباتی پێشمەرگە، چونکە مێژوو دەستکەوتی پێشمەرگەی لەگەڵ ناوی سەرۆک بارزانی وەکو دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاو تۆمار کردووە و بۆ هەمیشە ناوی سه‌رۆك بارزانی و پێشمەرگە ئاوێتەی یەکترن.

هەواڵی پەیوەندیدار