بۆ دەبێ ٢٧٥ سەر بخەین؟

چیا هەرکی
دواجار کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی لیستی ئەو حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییانەی عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند کە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەکەن، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
لەناو ئەو حیزبە سیاسییانەدا پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارەی (٢٧٥) بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکات و بۆ ئەمەش بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە و پاڵپشت بە ئیرادەی سیاسیی سەرکردایەتییەکەی و لە سەرویانەوە جەنابی سەرۆک بارزانی، هەروەها پشت بەستوو بەو هێزە جەماوەرییەی کە لە ڕابردوودا متمانەیان بە پارتەکەیان و سەرۆکەکەی داوە، دەچێتە ناو ئەو کێبڕکێ دیموکراتی و ململانێ سیاسییە مەدەنییە، بۆ ئەوەی وەک ساڵانی ڕابردوو لە بەغدا، نوێنەرایەتیی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بکات.
پارتیمان کە لە خولی ڕابردووی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکەم و گەورەترین پارتی سیاسیی براوەی هەڵبژاردنەکان بوو، پەنا بە خوا و حیکمەتی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزیی ئەندام و کادیرەکانی و جەماوەرە خەمخۆرەکەی، ئەمجارەش بۆ یار و نەیاری دەسەلمێنێتەوە، کە وەک داربەڕووی خۆڕاگر و خۆنەچەمێن، ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی مێژووی تێکۆشانی سەرڕاستی کوردایەتی و لە ناو دڵی خەڵکی کوردستانی خەباتگێڕ و قوربانیدەر داکوتیوە و بە سەری بەرز و سەرکەوتنەوە، دەبێتەوە بە وەڵامگۆی ئەمین و جێ متمانەی گەلی کوردستان و لە جاران ڕژدتر، داکۆکی لە مافە ڕەواکانیان دەکات.
چونکە زیاتر لە سەت ساڵە، پارتی بە ڕێبەرایەتیی بنەماڵەی سەربەرزی بارزان، هەڵگری دۆزی ڕەوای گەل و خاکی کوردستانە، چونکە بە درێژایی مێژووی تێکۆشانی کراوەتە ئامانجی نەیار و دوژمنانی کورد و کوردستان، چونکە لە هیچ بارودۆخێکی ئاڵۆز و هیچ قۆناغێکی سەخت و لەژێر هیچ پیلان و فشارێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، گۆڕەپانی خەبات و سەنگەری تێکۆشانی چۆڵ نەکردووە، چونکە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئازادیی کورد و سەربەخۆیی کوردستان بووە، چونکە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی خستۆتە سەروو هەر بەرژەوەندییەکی تایبەت و تەسکی حیزبی و ناوچەیی، چونکە لە سی و دوو ساڵی ڕابردوودا پارێزەری ڕاستەقینە و بەرگریکاری پشوودرێژی مافەکانی کورد بووە لە بەغدا، بۆیە ئەرکی هەر هەموومانە وەک سەرکردایەتی و کادیر، وەک ئەندام و لایەنگر، وەک جەماوەری دڵسۆزی ئەم حیزبە، یەک ڕیز و یەک دەنگ، شکۆ و سەروەریی ئەو مێژووە پڕشنگدارەی پارتەکەمان بپارێزین و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی کار و ئەرکەکانماندا بین و وەفاداری خوێنی شەهیدانمان و ئەو ڕێبازە بین، کە نەوە دوای نەوەی لەسەر بیری کوردایەتی و باوەڕی وڵاتپارێزی گۆش کردووە.
ژمارە (٢٧٥) بۆ ئێمەی پارتی تەنیا ژمارەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو ئامادەیی مێژوویی و کاریگەری پارتەکەمانە لە دیرۆکی زیاتر لە سەدەیەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، نیشانەی بەردەوامیی کاروانی خەباتێکی نەپساوەیە لەپێناو ئازادیی گەلی کوردستان و سەروەریی خاکی کوردستان، ئاماژەی بوون و کارایی و کاریگەریی پارتیمانە لەناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، سیمبولی هەرمان و نەمریی ڕێبازێکە کە لە شەهید (شێخ عەبدولسەلام بارزانی)یەوە بۆ ئەمڕۆ وەک تاڤگەیەکی بێگەرد و ڕووبارێکی بەر پێنەگیراو هاژە و خوڕەی دێ و هەرچی دار و پەردوو ئاستەنگ و لەمپەر هەیە کە خراونەتە پێشی، ڕایماڵیون.. هەر ئەمەیشە کە وا دەکات هەموومان کوردانە، دڵسۆزانە، پشوودرێژ و ورەبەرزانە، بە ئیرادە و متمانەوە، کار بۆ سەرخستن و سەرکەوتنی بکەین، کە دواجار بە مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی کورد و پاراستنی سەروەریی کوردستان تەواو دەبێت.
ژمارە (٢٧٥) بۆ ئێمەی پارتی تەنیا ژمارەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو ئامادەیی مێژوویی و کاریگەری پارتەکەمانە لە دیرۆکی زیاتر لە سەدەیەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.. نیشانەی بەردەوامیی کاروانی خەباتێکی نەپساوەیە لەپێناو ئازادیی گەلی کوردستان و سەروەریی خاکی کوردستان.. ئاماژەی بوون و کارایی و کاریگەریی پارتیمانە لەناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا.. سیمبولی هەرمان و نەمریی ڕێبازێکە کە لە شەهید (شێخ عەبدولسەلام بارزانی)یەوە بۆ ئەمڕۆ وەک تاڤگەیەکی بێگەرد و ڕووبارێکی بەر پێبنەگیراو هاژە و خوڕەی دێ و هەرچی دار و پەردوو ئاستەنگ و لەمپەر هەیە کە خراونەتە پێشی، ڕایماڵیون.. هەر ئەمەیشە کە وا دەکات هەموومان کوردانە، دڵسۆزانە، پشوودرێژ و ورەبەرزانە، بە ئیرادە و متمانەوە، کار بۆ سەرخستن و سەرکەوتنی بکەین، کە دواجار بە مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی کورد و پاراستنی سەروەریی کوردستان تەواو دەبێت.
* ئهندامی كۆمیتهی ناوهندی پارتی




