٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێ و کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info- ڕۆژی یەکشەممە 10ی ئابی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە هەریەک لە بەڕێزان گویندەلن گرین کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤ بیتنەر کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو بەڕێزان کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کونسوڵی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەرکە نوێکانیاندا خواست و سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ کونسوڵی پێشووی ئەمریکا کە لە ماوەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان ڕۆلی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و کارکردنی هاوبەش و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەمریکادا  لە دوای کۆڕەوی ساڵی 1991 و روخانی رژێمی پێشووی عێراق و شەری دژی تیرۆرستانی داعش و ئەو هەڵوێست و پشتیوانیانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەرزنرخاند.
 
هەر لەو دیدارەدا کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە و ئاماژەی بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی و دامو دەزگاکانی حکومەت دا بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان و جەختی لە پەیوەندی پتەوی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە و تیشکی خستەسەر  بارودۆخی ئێستا و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆلی سەرۆک بارزانی لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند. 
هەروەها کونسوڵی نوێی ئەمریکا باسی لە ڕۆلی سەرۆک بارزانی کرد و بە رۆلێکی ئەفسانەیی وەسفکرد و جەختی لە پەیوەندیی بەهێزی بەردەوامی و دوولایەنەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
دوایین گۆڕانکاریەکان و ئالنگارییەکانی ناوچەکە و پرسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بارودۆخی سوریا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.
 

هەواڵی پەیوەندیدار